رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، پار زیاتر لە 80 هەزار سەردانیان بۆ بازاڕ و فرۆشگە و شوێنە گشتییەکانی سنووری پارێزگاکە کردووە، زیاتر لە 400 تۆن کاڵا و خۆراک و شمەک دەستیان بەسەردا گیراوە و لەنێوبراون. دەشڵێت، رێژەی سەرپێچییەکان بۆ کەمتر لە 10٪ دابەزیون.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی میوانی پۆدکاستی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، باسی لە چاودێری و بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی کرد و گوتی، بەدرێژایی ساڵ و رۆژانە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەردان و پشکنینی بۆ بازاڕ و شوێنە گشتی و تایبەتەکان دەبێت کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، "پار زیاتر لە 80 هەزار سەردان لەلایەن زیاتر لە 47 لیژنەوە کراوە، بەگوێرەی ئەو سەردانانەی کراون، رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی 220 سەردان لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە کراون."
لەبارەی ژمارەی لیژنەکانەوە، گۆران قادر ئاماژەی بەوەکرد، چەند لیژنەیەکیان هەن وەرزین یان لە بۆنە و یادەکان دروست دەکرێن، وەکو (لیژنەی شەمعەکانی ئاو کە وەرزی هاوین کارا دەبێت، یان لیژنەی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکاران لە خوێندنگە و زانکۆکان لە وەرزی خوێندن) لەو کاتانەدا کارەکانیان دەکەن.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی تۆمارکراون، لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانییەوە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی سەرپێچی لە فرۆشگە و بازاڕەکاندا کەمیکردووە. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی دەڵێت، "رێژەی ئەو شوێنانەی سەرپێچییان تێدا تۆمارکراوە کەمترە لە 10٪ و ئەمەش ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە و ئامانجمانە رێژەکەی بگەیێنینە سفر."
دەشڵێت، "ئەم ئامارانە ئەوەمان پێدەڵێت، کاری لیژنەکان رۆڵی زۆر باشی هەبووە لە کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان و خاوەنکاران و هاونیشتمانیان بەرپرسیانەتر مامەڵە دەکەن."
لەبارەی بڕی ئەو خۆراک و شمەک و کاڵایانەی دەستیان بەسەرداگیراوە و لەنێوبراون، گۆران قادر گوتی، هێشتا ئاماری وردی ساڵی 2024 تەواو نەبووە، بەڵام زیاتر لە 400 تۆن خۆراک و کاڵای خراپ و ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و لەنێوبراون.
بەگوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی، "بەشێک لە کۆگە و کۆمپانیاکان خۆیان داوایان لە لیژنەکانمان کردووە بۆ ئەوەی کاڵا و خۆراکی بەسەرچوویان هەن بۆ لەنێوبردن کە ئەمە هەڵوێستێکی جوانە."
سەرچاوەی سەرەکیی پێدانی زانیاری بە لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی ئاسایشی سلێمانییە. گۆران قادر دەڵێت، وەکو لیژنە هاوبەشەکان بەدواداچوون بۆ راستی و دروستی هەموو سکاڵایەک دەکەن کە پێیان دەگەیێنرێت، هاونیشتمانییان دەتوانن لەکاتی هەر سەرپێچی و گرفتێک لە بازاڕەکاندا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی لیژنە هاوبەشەکانەوە (07708677777) بکەن، بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ