رووداو-گەرمیان
لەدوای رووداوەکانی سنووری گەرمیان و چالاکییەکانی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرە، بەبڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی میحوەرەکانی گەرمیان دەکات و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان کۆدەبێتەوە. مەحموود سەنگاویش دەڵێت، داعش بووەتەوە بە مەترسییەکی جیدی و هێزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکان دروستکردووە.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانەکەی ئێمە بۆ ئەم میحوەرە بۆ میحوەری یەک و دوو و میحوەری خورماتوو لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە کە فەرماندەی گشتییە و بڕیاردرا سەردانی ئەو ناوچانە بکەین، لەبەر ئەوەی داعش جموجووڵێکی زۆری هەیە و بەبەردەوامی چالاکییان هەیە. لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو دوو چالاکی گەورەیان کردووە کە تێیدا 6 پێشمەرگە و ئاسایش شەهید بوون و چەند ئاسایش و پێشمەرگەیەکیش برینداربوون".
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ لێپرسراوی یەکەی 70 سەردانی ئەو میحوەرانە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چیان پێویستە بۆیان دابین بکەین بۆ رێگرتن لە چالاکییەکانی ئەو تیرۆریستانەی لەم ماوەیە گرتوویانەتەبەر".
سەبارەت بە چوونی لیوای 16 بۆ ئەو میحوەرە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە بوونی هێزی یەدەگ زۆر گرنگە لەبەردەستی میحوەرەکان بێت لەوکاتەیدا پێویستیانە و لەهەرشوێنێکیش پێویست بکات هێزی یەدەگیان بۆ دەبەین".
مەحموود سەنگاوی: داعش هێزی نوێی دروستکردووە
مەحموود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەڤاڵانە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و یەکەی 70 ئەمڕۆ هاتوون بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لە ناوچەکە هەیە و داعش جارێکی دیکە بووەتە مەترسی لەسەر ناوچەکە. ئەوان هاتوون بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هێزەکانمان بخەینە کار و ناوچەکانی خۆمان بپارێزین لەدەستی رەشی داعش کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشەوە ئاگادارکراین هێزێکیان دروستکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکان".
مەحموود سەنگاوی گوتی: "ئێمەش لەهەرشوێنێک داعش هەبێت رووبەڕوویان دەبینەوە و ئەگەر سوپای عێراق رێگەمان بدات لەو سنوورە نایەڵین داعشەکان بژین و لەناویان دەبەین. ئەوکاتانەی ئێمە نیوەی ئێستای سوپای عێراقی هێزمان لەبەردەست نەبوو نەمانهێشتووە داعش لەو ناوچەیە بێ کە ئەوکاتە داعش هێزیش بووە. ئێستا دیسان داعش لە سنوورەکانی عێراق خۆی بەهێزدەکاتەوە و فشاریان خستووەتە سەر خەڵکی ناوچەکەی ئێمە، بۆیە ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئاسایش و دژەتیرۆر دەکەین بۆ ئەوەی رێوشوێنی ئەمنی باش دابنێین کە داعش جارێکی دیکە نەتوانێت ئازاری خەڵکەکەمان بدات و لەترسی ئەوان شارو گوندەکانیان چۆڵنەکەن".
هەروەها مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی 70 و 80 بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ کاک نێچیرڤان بارزانی کردووە و هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی بتوانین هێزەکانی پێشمەرگە رێکبخەینەوە، ئەم هەنگاوانەش کە دەینێین بۆ ئەوەیە کە بتوانین جێبەجێی بکەین. لەگەڵ هاوپەیمانیانش خەریکی رێکخستنەوەین و درێخی ناکەین لەو هەوڵە".


