لە 7 مانگدا زیاتر لە 3.1 ملیۆن کەس لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ورمێوە گەشتیان کردووە

06-11-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێ، لە 7 مانگدا زیاتر لە 3.1 ملیۆن کەس لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەم ئیرەج دەست نشان، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هاتووچۆی گەشتیار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە 8% زیادیکردووە، لە 7 مانگدا زیاتر لە سێ ملیۆن و 176 هەزار گەشتیار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هاتووچۆیان کردووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە دوو ملیۆن و 252 هەزار کەسیان خەڵکی ئێرانن و 924 هەزار و 607 کەسیش بیانین.
 
ئیرەج دەست نشان گوتی، لەو ماوەیەدا زۆرترین گەشتیار لە رێگەی دەروازەی سنووریی رازی لە شاری خۆی، کە دەکەوێتە نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان، گەشتیان کردووە و ژمارەیان یەک ملیۆن و 127 هەزار کەس بووە.
 
بە گوتەی دەست نشان، دەروازە سنوورییەکانی بازرگان و تەمەرچین (حاجی ئۆمەران) لەڕووی ژمارەی هاتووچۆی گەشتیارانەوە لە ریزبەندیی دووەم و سێیەمدان بەبێ ئەوەی هیچ ئامارێک لەبارەی ئەو دوو دەروازە سنوورییەوە بڵاو بکاتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و رێگەوبانی ورمێ هیچ ئامارێکی لەبارەی دەروازە سنوورییەکانی سەنەم بۆلاغی پوڵدەشت، کێلێ و سێرۆی شاری ورمێ بڵاونەکردووەتەوە.
 
لە پارێزگای ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سێیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان، دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. هەروەها دەروازەی سنووریی کێلێ، دەروازەیەکی نافەرمیی نێوان پارێزگای ورمێ و هەرێمی کوردستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە