رووداو دیجیتاڵ
عوسمانی حاجی مەحموود، سەرکردەی دیاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی پێشووی بزووتنەوەکە 17 خاڵ وەکو کارنامەی چاکسازی بزووتنەوەکە دەخەنە بەردەم لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەکە، دیارترینیان یەکلاییکردنەوەی ناسنامە و دیدی گۆڕان، رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان گۆڕان و کۆمپانیای وشە، کوڕانی نەوشیروان مستەفا بە رێکاری حیزبی رۆڵی سیاسییان هەبێت و رێگە نەدرێت کۆمپانیای وشە و پایەی خێزانی و دارایی بەکاربهێنن، کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت و سەرجەم ئیدارەکان.
عوسمانی حاجی مەحموود، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەی پێشووی ئەو بزووتنەوەیە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ بۆ چاکسازی لەنێو بزووتنەوەکە 17 خاڵیان خستووەتە بەردەستی سەرکردەکانی ئێستا وەکو پێش مەرج بۆ دەستبردن بۆ هەر کارکردنێک لەنێو بزووتنەوەکەدا.
تۆڕی میدیایی رووداو راست و دروستیی پڕۆژەکەی پشتڕاستکردووەتەوە کە مانگی شوباتی ئەم ساڵ بەناونیشانی "چەند بنەمایەک بۆ ساخکردنەوە و رێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان" ئاراستەی بزووتنەوەکەی کراوە.
لە پرۆژەکەدا هاتووە، "بارودۆخی رێکخراوەیی و سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێکی خراپ و مەترسیداردایە، بەتایبەت متمانە و ئومێدی خەڵک بە بزووتنەوەکە گەیشتووەتە قۆناخ و ئاستێک کە چیدی هیچ ئومێدێکی بەردەوامی لەسەر هەڵناچنرێت."
دەشڵێت، هەوڵ و گۆڕانکاریی رووکەش بزووتنەوەکە لەو دۆخەی ئێستا رزگارناکات و بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆکاری داڕمان و پەککەوتنی زیاتری بزووتنەوەکە.
بەلای ئەو سەرکردەیەی پێشتری بزووتنەوەی گۆڕانەوە، "بەشی سەرەکیی دەنگدەرانی گۆڕان و بنکەی جەماوەریی بزووتنەوەکە لەسەر هەڵوێستی خۆیان ماون و بەڵگەی روونیش ئەوەیە زۆرینەیان دەنگیان بەهێزی دیکە نەداوە."
پوختەی پڕۆژە 17 خاڵییەکەی عوسمان حاجی مەحموود ئەمانەن:
1- ساخکردنەوەی ناسنامە و راستکردنەوەی گوتاری سیاسیی و ئاراستە و دید و هەڵوێستی بزووتنەوەکە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نوێ و بەپێی چەند هەنگاوێکی کرداری.
2- یەکلاییکردنەوە و رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان گۆڕان و کۆمپانیای وشە"دارایی، موڵک و میدیا."
3- کوڕانی کاک نەوشیروان کە دەیانەوێت رۆڵی سیاسییان هەبێت، ئەوا پێویستە بەپێی رێکارە حیزبی و رێکخراوەییەکان بێت. رێگە نەدرێت کۆمپانیای وشە و پایەی خێزانی و دارایی بەکاربهێنن و لە دەرەوەی ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە خاوەن بڕیار و بڕیار بەدەستبن، بڕیاری بزووتنەوەکە بەتەواوەتی بۆ ئۆرگانەکانی بزووتنەوەکە بگەڕێتەوە.
4- کشانەوەی گۆڕان لە هەموو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شار و ئیدارە سەربەخۆ و قەزا و ناحیەکان.
5- پێویستە گۆڕان رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی بوێر و چالاک دوور لە گیانی پۆپۆلیستی و بانگەشەی قەبەی ناوەڕۆ بەتاڵ ببینێت.
6- لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کابینەی دەیەمی حکومەت نەکات.
7- تواناکانی ئێستای بزووتنەوەکە سەرلەنوێ بە فۆرم و ناوەڕۆکێکی گونجاو رێکبخرێتەوە.
8- پێداچوونەوە بە هەیکەل و دەستووری بزووتنەوە و فۆرمی کارکردنی.
9- بەشێک لەوانەی ئیستا خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن لە بزووتنەوەکە هەنگاوێک بکشێنەوە، بەشێک بن لە گۆڕان و پشتیوانی بن لە دەرەوەی هەیکەلی بڕیاردان.
10- لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەگەندەڵی تێوەگلاون.
11- سەرچاوەی دارایی گونجاو پەیدابکرێت و هەیکەلی حیزبی و کار و چالاکییەکانی گۆڕان بگونجێندرێت.
12- هاوکاری و یارمەتی لە هیچ هێزێکی سیاسیی وەرنەگیرێت، سەرچاوەی دارایی گۆڕان روون و شەفاف بێت.
13- رێکخستنەوە و پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق.
14- پێداچوونەوەیەکی ریشەیی و هەمەلایەن بە هاوپەیمانێتییەکان بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی هاوپەیمانی لە رابردوو لەگەڵ پارتی و یەکێتی.
15- چاوخشاندنەوەیەکی جددی و قوڵ بە شێواز و میتۆدی ئیدارەدانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی گۆڕان بکرێت.
16- پێویستە راوێژ بە کەسانی پسپۆڕ بکرێت بۆ رێکخستنەوە و بەگەڕخستنەوەی توانا میدیاییەکانی گۆڕان.
17- خشتەیەکی دیاریکراو و کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی سەرەوە دابنرێت.
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە چەند سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە کرد، ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە بەشێکی زۆری کادیرانی ناڕازی لە سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەدان، یەکێک لەو سەرکردانە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەو پڕۆژەیەی عوسمانی حاجی مەحموود لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە فەرامۆشکرا و هێشتا وەڵامی پێویست نەدراوەتەوە، هەرچەند ئەو سەرکردانەی گۆڕان کە سەردانی عوسمانی حاجی مەحموودیان کردبوو بەڵێنیان پێدابوو بە بەڵی و نەخێر وەڵامەکەی بۆ بگەڕێننەوە.
شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پۆستێکدا لە فەیسبووکی خۆی بە دوورودرێژی باس لە هەوڵە ئاشتەواییەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.
شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت، "گەڕی یەکەمی ئاشتەوایی ژمارەیەک کاراکتەر و هەڵسوڕاوی دڵسۆز دەستیان پێکرد و هەر زووش شکستی هێنا. گەڕی دووەمیش لەلایەن بەڕێز دکتۆر بورهان یاسینەوە هەوڵی بۆ درا بە پرۆژەیەک دواتر بە گەڕانەوەی خۆی و بینینی هەموو کەس و کاراکتەرەکان لە پێناو سەرخستنی پرۆژەکەیدا ئەویش زوو شکستی پێهێنرا. سێیەم گەڕی ئاشتەوایی لە سەرەتای ئەم ساڵدا دەستی پێکرد."
ئەندامی پێشووی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، باس لەوە دەکات، تێگەیشتنەکان بۆ ئاشتەواییەکە فرە چەشن و فرە رەنگ بوون ، کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبوون، "بەرەیەکیان پەرۆشی و دڵسۆزی بوو بۆ کۆکردنەوە و سەرپێخستنی بزووتنەوەکە تاوەکو بچێتەوە سەر هەڵوێست و گوتارە رەسەن و رێچکە راستەقینەکەی خۆی. بەرەکەی دیکەیان ئاشتەوایی بە پرەنسپبی ئەوەی وەرەوە لامان شوێن و رێگە و پێگەت روون و باش دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی لەژێر چەتری مندا بیت."
بە گوتەی شەماڵ عەبدولوەفا، "لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا بەرۆیشتنی کات بەرەی سێیەمی ئاشتەوایی ھەڵتۆقی، بەڵام شەرمنانە و دەمامکدار، ئەم سێ بەرەیە لە ململانێ و کێشمە کێشدا بوون، تاوەکو وای لێهات بەرەی سێیەمیش بە لای بەرەی دووەمدا شکایەوە."
شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت، کێشەی بەرەکان لەسەر کێشەکانی ناو بزووتنەوەکە بوو، کە خۆی دەبینییەوە لە:
1- بەخێزانیکردنی بزووتنەوەکە.
2- موڵک و ماڵی بزووتنەوەکە و خاوەندارێتی گردەکە و کۆمپانیای وشە .
3- ھەڵوێست و گوتار و ناسنامە و دەستووری بزووتنەوەکە.
4- حکومەت و ھاوپەیمانییە سیاسییەکان.
سەبارەت بە پرۆژەکەی عوسمانی حاجی مەحموود و هەندێ لە ناڕازی و زوویرەکان، شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێت، لە مانگی دووەوە پرۆژەکەیان دایە گۆڕان، بەڵام دوای چوار مانگ "وەڵامێکی تەمومژاوی"یان دانەوە، کە بە دڵی ئەوان نەبوو. دواتر پرۆژەکەیان کردە هەشت خاڵ، گۆڕانیش وەڵامێکی مەتاتیان داونەتەوە و گوتوویانە ئامادەن لەسەر ھەموو خاڵەکان گفتوگۆ و دانوستاندن بکەن.
بە گوتەی شەماڵ عەبدولوەفا، دواجار پرۆژەکە تەنیا بووە دوو خاڵ و ناڕازییەکان گوتوویانە تەنیا وەڵامی ئەو دوو خاڵەمان بە روونی بدەنەوە.
رۆژی 5-12-2006 نەوشیروان مستەفا جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند، یەكەم رۆژی مانگی 1ـی 2007 كۆمپانیای وشەی بۆ راگەیاندن دامەزراند، لە هەڵبژاردنەكانی 25-7-2009، بە لیستی گۆڕان بەشداری لە پەرلەمانی كوردستاندا كرد و 25 كورسی بەدەستهێنا، ئیدی ئەو بەروارەی وەكو رۆژی درووستبوونی خۆی دەستنیشان كردووە.
رۆژی چوارشەممە، 13-10-2021، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکدێنن، دوای ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە نەیتوانی هیچ کورسییەک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی ئەو بزووتنەوەیەوە، ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی پەیوەندییان بە لایەنەکانی دیکە کرد و بەشێکیشیان بەهۆی ناڕازییان لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە وازیان هێناوە و بەشێکیشیان لە ماڵەوە دانیشتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ