رووداو دیجیتاڵ
کارگەیەک لە دهۆک، هەفتانە تەنیا دوو رۆژ کاردەکات، لەکاتێکدا مانگێک لەمەوبەر هەفتانە 6 رۆژ کاری دەکرد و 300 تۆن بەرهەمی وەک؛ بامیە، بازێلا و پەتاتەی لەقوتوو دەنا و هەناردەی پارێزگەکانی عێراقی دەکرد.
کارگەکە ئێستا مانگانە 50 تۆن بەرهەمدەهێنێت و کارەکەی بەڕێژەی 80٪ کەمبووەتەوە. ئێستا کۆگەکانی ساردکردنەوەی پڕن بەهۆی ئەو کێشەیەی عێراق بەردەوام لە بازگەکان بۆیان دروست دەکات و رێگری دەکات لەوەی بەرهەمەکانیان بنێرنە پارێزگەکانی عێراق.
شێخ هەڵکەوت دۆسکی، بازرگان دەڵێ "کێشەی گومرگمان بۆ دروست دەکەن لە گومگری سەدێ (گومرگی بەنداوی موسڵ)، زۆر جار دەڵێن کێشەی ئێوە چارەسەرکراوە، بەڵام وا نییە، مادام دەڵێن چارەسەرکراوە، با خاوەن کارگەیەک و یەکێک لەوان لەبەرامبەر یەکدی دابنێن، بزانن کێشەکانمان چین. ئێمە زۆر کێشەمان هەن، بەڵام لە هەموویان گەورەتر حەواڵەی بانکییە، ئەوانەی کارگەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی هەمووی بلۆک کراون."
لە دوایین بڕیاری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دا هاتووە، بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بنێرنە پارێزگەکانی عێراق، ئەو بەرهەمانەش کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاردە دەکرێن و دەنێردرینە پارێزگەکانی عێراق، دەبێت تەنیا سێ رۆژ لە پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، ئەگەر زیاتر بێت، نابێت هەناردەی پارێزگەکانی عێراقیان بکەن.
لەبارەی بڕیارەکەوە، شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی دهۆک دەڵێ "ئەو بڕیارە لەسەر ئاستی دەوڵەت دەدرێت، کە ترانزێت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کاتێکی بۆ دیاری دەکرێت، ئەم بابەتە، بابەتی ترانزێت نییە، بەڵکو ئەمانە بازرگانی ئێمەن کە کۆگەیان لەنێو هەرێمی کوردستان هەیە و دواتر دابەشی پارێزگەکانی عێراقی دەکەن. ئەمە کاریگەریی گەورە دەخاتە سەر بازرگانەکانمان."
بەپێی ئامارەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە دهۆک، تەنیا لە دهۆک زیاتر لە 3 هەزار کۆمپانیا هەن، کە 355ـیان بازرگانی لەگەڵ عێراق دەکەن.
لە 1-6-2024ـەوە تاوەکو ئێستا هاتن و چوونی بازرگانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق کەم بووە و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بەردەوام لە نۆرە دەوەستن بەهۆی ئەو کێشە جۆراوجۆرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ