رووداو دیجیتاڵ
پەینی کشتوکاڵی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا گران بووە. جووتیارێک دەڵێت فەردەی لە 17 هەزار دینارەوە بووەتە 40 هەزار دینار. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانییش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بە دوو هۆکاری سەرەکی دادەنێت.
کاوە محەممەد، جووتیارە و بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پەینی کشتوکاڵی کە ئێمە یۆریا بۆ سەوزەواتمان بەکار دەهێنین، مانگی یەکی ئەمساڵ فەردەیەکی کە 50 کیلۆگرامە بە 17 هەزار دینار بوو، دواتر لە مانگی چواردا گران بوو و بوو بە 25 هەزار دینار و ئێستایش بە 40 هەزار دینارە."
ئەو جووتیارە گوتیشی: "کە لە عەلافەکان دەپرسین بۆ وا گران بووە، دەڵێن بەهۆی ئەوەوەیە کە دوو کۆمپانیا قۆرخیان کردووە و ئەوان بە گران دەیفرۆشنەوە."
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی گوتی: "زیادبوونی نرخی پەین پەیوەندیی بە چەند هۆکارێکەوەیە: پەین لە بۆرسەی جیهانیدا پەیوەندیی بە نەوتەوە هەیە. تا نەوت گران ببێت، ئەویش گران دەبێت، چونکە زۆربەی پەینەکان لە بەرهەمەکانی نەوت دروست دەکرێن. ساڵانی رابردوو هەرزان بووە، چونکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار وەک ئێستا زیاد نەبوو. بۆیە زیادبوونی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی پەینە. بەهۆی کۆرۆنایشەوە هاتووچۆی بازرگانی لەنێوان وڵاتاندا قورس بووە و بۆ دەرچوونی بارەکان پارەیەکی زیاتر پێویستە، ئەوەیش هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی نرخە. هەروەها زیادبوونی خواستیش لەسەری هۆکارێکی دیکەیە."
بە گوتەی ئەو جووتیارە ئەو پەینەی سەوزەوات لە بازاڕی عەلافەکاندا ئێرانی، تورکی، چینی، رووسیایی و تونسیی هەیە و، ئەوەی ئەوان بەکاری دەهێنن ئێرانییەکەیەتی. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هەموو جۆرەکانی گران بوون.
کاوە محەممەد گوتیشی: "ئێمە ناچارین ئەو پەینە بکڕین بۆ ئەوەی بەرهەممان باش بێت. حکومەتیش هاوکاریمان ناکات و پەین بۆ جووتیارە گەورەکان دابین دەکات، ئەوانەی زەویی زۆریان هەیە. ئێمە زەوییەکەمان کەمە و 15 دۆنمێکە."
لە بارەی فرۆشیشەوە ئەو جووتیارە گوتی: "ئێمە ناتوانین بەهۆی گرانبوونی پەینەوە سەوزەکەمان بە گرانتر بفرۆشینەوە، چونکە سەوزە لە عەلوەکاندا زۆرە و ناچارین هەر بە نرخی ئاسایی و هەرزان بیفرۆشین."
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەو بارەیەوە گوتی: "ساڵانی رابردوو هاوکاریی کشتوکاڵیمان بۆ جووتیاران هەبوو. پار زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەینی یۆریامان بە نرخی 50٪ی بازاڕ بەسەر جووتیاراندا دابەش کردووە. ئەمساڵ داوامان کردووە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و پەسندنەکرانی بودجەوە ئەو هاوکارییە کشتوکاڵییە نەبووە. ئەگەر ئەم یەک-دوو مانگە لە پەرلەمان بودجە پەسند بکرێت، هیوامان هەیە کە بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو بۆ هەموو پێداویستییەکی کشتوکاڵی پارەمان بۆ دابین بکرێت."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان جیاوازی لەنێوان جووتیاراندا ناکەن و تەنانەت ئەو جووتیارانەی رووبەری زەویی زۆریان هەیە بە هێندەی زۆریی زەوییەکانیان پەینیان نەداونەتێ و کەمتر لەو جووتیارانەیان داونەتێ کە زەوییان کەمە. ئەوان ئاستێکیان داناوە و لەوەندە زیاتر نادەن بە جووتیار، واتە بەپێی رووبەری چێنراو نییە.
هەریەکە لە گرووپی کۆمپانیاکانی خۆشناو لە هەولێر و گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان لە سلێمانی بە مەبەستی زیاتر پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ دوو سایلۆی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانیان دروست کرد.
لەبارەیەوە شاڵاو جەمال گوتی: "ئەمساڵ خۆشبەختانە دوو پرۆژەی گەورەی کشتوکاڵی لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەبوون کە پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم بوون و هیوایەکی زۆرزۆرمان پێی هەیە. لە پاریزگای هەولێر تەواو بووە و لە سلێمانییش 80٪ی تەواو بووە."
هەر لەبارەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵەوە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەیەکی دیکەیش هەیە کە تەندەر بۆ نۆ بەنداو کراون، ئەگەر ئەوانە بکەونە کار کە سەرچاوەی ئاویی زۆر هەن، دەبنە هۆکارێکی زۆر گرنگی پێشکەوتنی کشتوکاڵ.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە لە دوو ساڵی رابردووی ئەم کابینە نوێیەی حکومەتدا ئەوان لە پارێزگای سلێمانی مۆڵەتی زۆریان بە پرۆژە کشتوکاڵییەکان داوە و هاوکاریی جووتیارانیان کردووە. بەتایبەتی پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە پاریزگاکەیاندا نەبووە و دەبوو هێلکە هاوردە بکەن، بەڵام لە چەند مانگی داهاتوودا نزیکەی 13 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە تەواو دەبن و دەست بە کار دەکەن کە رێژەی بەرهەمهێنانیشیان سێ هێندەی پێوستیی پاریزگای سلێمانی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ