رووداو-دهۆک
زیاتر لە حەوت مانگە 327 کارمەندی گرێبەست لە سنووری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مووچەیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک دەڵێت، لەسەر ئەوە نووسراویان بەرزکردووەتەوە و گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی نووسراوەکەیان نەدراوەتەوە.
عەگید رەمەزان، یەکێکە لە کارمەندە گرێبەستەکان و هەشت ساڵە لە نەخۆشخانەی زاخۆ کاردەکات، دەڵێت، "ئێستا ئێمە هیچ لەخۆمان نازانین، نازانین کە گرێبەستی [پارێزگا] یان گرێبەستی وەزارین. تەنیا دەڵێن چاوەڕێبکەن و بەدواداچوون دەکەن. ئێمەش هیچ لە چارەنووسمان نازانین."
موچەی کارمەندانی تەندروستی لەنێوان 350 بۆ 500 هەزار دینارە. بەگوێرەی بڕوانامە و پسپۆڕییەکان، بەسەر نەخۆشخانەکان دابەشکراون.
کاروان نزار، کارمەندە لە نەخۆشخانەی زاخۆ و باسی لەوە کرد، "ساڵانە گرێبەستەکانمان نوێدەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ زۆری پێچوو. تاوەکو گرێبەستەکانمان نوێکرایەوە، گەیشتینە نزیک مانگی سێ. مانگی سێ بوو یان چوار مووچەی مانگی یەکمان وەرگرت، ئیدی لەدوای ئەوەوە هیچ مووچەیەکی دیکەمان وەرنەگرتووە."
موئەیەد جامی، کارمەندێکی دیکەی تەندروستیی زاخۆیە و ئاماژە بەوە دەکات، "هەشت ساڵ خزمەتم هەیە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەزانن کە لە شەڕی داعش و کۆرۆنا، یان ئەوکاتەی حکومەت زۆر پێویستیی بە ئێمە بوو، درێخیمان نەکرد، بەڵام ئێستا ئێمە پێویستمان بەوانە کە مووچەکانمان بدەنێ."
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، پێشتر مووچەی ئەو کارمەندانە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی بوو، بەڵام ئێستا راگیراوە.
ئەڤراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری تەندوستیی دهۆک بە رووداوی گوت، "لە 01-01-2020 وەزارەتی دارایی 30٪ لە داهاتی کەرتی تەندروستی بڕی و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە. نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە و ئەوانیش داویانەتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام ئێستا بابەتەکە لە وەزارەتی داراییە و لەوێوە وەڵام دەرنەچووە."
بەگوێرەی تەندروستیی دهۆک، دوو پێشنیاز لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیدایە؛ یان جارێکی دیکە رێژەی 30٪ بوودجەی پەرەپێدانی تەندروستی بگەڕێنێتەوە بۆئەوەی لەو پارەیە مووچەی کارمەندەکان بدەن، یانیش کارمەندان بکەنە گرێبەستی هەمیشەیی.


