رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داخستنی سێ پارت لەلایەن دەستەی دادوەریی عێراقەوە بە "دروست" ناودەبات.
رۆژی سێشەممە، 6ـی ئابی 2024، هۆشیار زێباری لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، "بڕیاری دەستەی دادوەری لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ رێگریکردن لە سێ پارتی کوردی کە نوێنەرایەتیی پەکەکە دەکەن، بڕیارێکی راست و ژیرانەیە".
هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوان [پەکەکە] بوونەتە خانەیەکی شێرپەنجەیی لە جەستەی هەرێمی کوردستان و عێراق و هۆکارێکی ناسەقامگیری و پشێوی بوون".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 01-08-2024 بە سەرۆکایەتیی دادوەر حەسەن فوئاد و ئەندامێتیی هەردوو دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف و رەمەزان حەسەن عەبید کۆبووەوە. ئەوەش لەسەر داوایەکی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و تێیدا داوای هەڵوەشانەوەی ئەو سێ پارتە سیاسییەی کردبوو (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان/ تەڤگەری ئازادی).
بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ قەدەخەکردنی پارتەکەیان "نادادی" تێدایە و پێیوایە بڕیارەکە سیاسییە نەوەک یاسایی و بە "گوشاری تورکیا بووە".
سەلام عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تورکیا بە هێزێکی نزیک لە پەکەکەمان دەزانێت، بەڵام ئێمە پارتێکین لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەین و هەڵوێستەکانمان لەگەڵ یەکپارچەیی عێراقدا بووە، بۆیە سەد لە سەد ئەو بڕیارە بە گوشاری تورکیا بووە".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، وردبینییان لە دۆسیەکانی ئەو پارتانە کردووە و لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و نووسراوی سەرۆکوەزیران، سکرتێری تایبەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ژمارە 3028/2482601 لە 10-03-2024 کە زانیارییەکانیان لەسەر ئەو پارتانە پشتڕاست کردووەتەوە.
لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هاتووە، "بەگوێرەی مادەی 25/ یەکەم و سێیەم لە یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە 36ـی ساڵی 2015 نابێ پارتە سیاسییەکان پەیوەندیی رێکخراویی یان داراییان لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناعێراقیدا هەبێ، یان ئاراستەی چالاکی حیزبییان لەسەر بنەمای فەرمان یان ئاراستەی هیچ دەوڵەتێک یان لایەنێکی دەرەکی بێ؛ نابێ هاوکاری پارتێکی سیاسی بکات کە دەوڵەت قەدەخەی کردووە یان ئەو پارتە ئەجێندای وڵاتێکی دیکە جێبەجێ بکات بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ