پارێزگای ئامەد جارێكی دیکە رێنمایی کوردی لە رێگەوبانەکان سڕییەوە

06-08-2024
هەوار ئیسماعیل
جارێکی دیکە بە فەرمانی پارێزگای ئامەد رێنماییە کوردییەکان سڕانەوە
جارێکی دیکە بە فەرمانی پارێزگای ئامەد رێنماییە کوردییەکان سڕانەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئامەد کێشەی نووسینی رێنماییەکان بە زمانی کوردی لەنێوان شارەوانی و پارێزگا بەردەوامە. دوای ئەوەی گەورەشارەوانیی ئامەد رێنماییەکانی هاتووچۆی لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان بە کوردی نووسییەوە، بە فەرمانی پارێزگا جارێكی دیکە سڕانەوە. 
 
دوای ئەوەی بە بڕیاری پارێزگا ئەو رێنماییانەی گەورەشارەوانیی ئامەد لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان بە زمانی کوردی نووسیبوونی سڕانەوە، گەورەشارەوانیی شارەکە هەمان ئەو رێنماییانەی نووسییەوە، بەڵام رۆژی دووشەممە (پێنج ـی ئاب) جارێکی دیکە بە فەرمانی پارێزگای ئامەد رێنماییە کوردییەکان سڕانەوە.
 
مەهدی ئۆزدەمیر، جێگری سەرۆکی بارۆی ئامەد رایگەیاند، دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە زمانە جیاوازەکان لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە لە تورکیا کێشە دروست ناکات. 
 
ئۆزدەمیر گوتی "لە مادەی 13ـی یاسای شارەوانی ژمارە 5393 ـدا هاتووە؛ شارەوانییەکان بۆ چ مەبەستێک و بە چ ئەرک و بەرپرسیارێتییەک کار دەکەن. هیچ بڕگەیەکی قەدەخەکراو نییە کە بڵێت مرۆڤ ناتوانێت لە کاتی ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیانەدا بە زمانی کوردی یان زمانێکی دیکە خزمەتگوزاری پێشکەش بکات. جگە لەوەش نزیکەی 15 ساڵ بوو لە ئامەد و شارەکانی ناوچەکە تابلۆی هۆشداریی کوردی بەکارهێنراوە." 
 
رۆژی 26ـی تەمموز وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی دەرکرد بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی لە شەقامەکاندا. ئۆزدەمیر گوتی "هەرچەندە لەو فەرمانەی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوکرایەوە باس لەوە کرابوو پابەند نەبوون بە هەندێک پێوەر هەیە، بەڵام ئەو هێمایانەی هاتووچۆ بە کوردی نووسراون، لە رووی چەندایەتی و کوالێتی و قەبارەوە هەمان هێماکانی هاتووچۆی کوردین کە پێشتر بەکاردەهێندران. دەبینین ئەوەی ئەو بە ناستاندارد قبوڵی دەکات، راستییەکەی بەکارهێنانی زمانی کوردییە. لێبووردەیی بەرامبەر بە زمانی کوردی کێشە بۆ شارەوانییەکان دروست دەکات لە رووی نکۆڵیکردن لە زمانی کوردی، پشتگوێخستنی زمانی کوردی، یان رێگری لە بەکارهێنانی لە فەزای گشتیدا."
 
جێگری سەرۆکی بارۆی ئامەد دەڵێ، سکاڵایەکیان لە دادگای دەیەمی کارگێڕی ئەنقەرە تۆمار کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ. لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە. پێشبینی دەکەن بەم زووانە بڕیارێک لەسەر ئەم بابەتە بدرێت.
 
دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ـی ئاداری ئەمساڵ کرا، لە شارەکانی ئامەد، مێردین و ئێلیهـ شارەوانییەکانی سەر بە دەم پارتی لەسەر بەشێک لە شەقام و رێگەوبانەکانی نێو شار لە پاڵ زمانی تورکی، زمانی کوردی بۆ رێنماییەکانی هاتووچۆ زیاد کرد. هۆشداریی وەک "پێشی پەیا" بۆ پیادە و "هێدی" بۆ شۆفێران زیادکرا، بەڵام بە فەرمانی پارێزگار بە بیانووی "پابەند نەبوون بە ستانداردەکان" سڕانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە