رووداو دیجیتاڵ
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی لە سلێمانی، رانیە و هەڵەبجە دەستی پێکرد. پەیامنێری رووداو گوتی، هێزە ئەمنییەکان هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران دەدەن و ژمارەیەک خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون.
رۆژی شەممە 06-08-2022 پێشتر لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێوە بۆ خۆپێشاندان دیاریکرابوو. ئەمڕۆش بەشێک لە خەڵکی سلێمانی چوونە نێو بازاڕی شارەکە و دەستیان بە گردبوونەوەی ناڕەزایی کرد.
پەیامنێری رووداو کە لە شوێنی رووداوەکەیە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە و، بەهۆیەوە باری تەندروستیی چەند هاونیشتمانییەک تێکچووە.
لەلایەکی دیکەوە رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا، 11 رۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون.
رەحمان غەریب گوتی: "وەکو سەنتەری میترۆ، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەین و ئاشکراشی دەکەین کە هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی هەندێک رۆژنامەنووس، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و ئۆفیسەکانیان".


