رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی لیوای 144ی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند هێزەکانی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی گوندەکانی سنووری قەزای کفری 13 تونێلی داعشیان تێکدا و دەستیان بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی بۆمبی چێنراو و ژمارەیەک ماتۆڕسکیل و تەقەمەنیدا گرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی حوزەیرانی 2021، عەمید جەمال وارانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پاککردنەوەی ناوچەی زنانەی سنووری قەزای کفری لە چەکدارانی داعش، کە ماوەیەکە بوونەتە سەرئێشە بۆ خەڵكی ناوچەکە دەستیپێکردووە، لە ئاسمانەوە فڕۆکەکانی ئیتاڵیا بەشدارن و بۆردوومان دەکەن و لە زەوینیشەوە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەشدارن".
عەمید جەمال وارانی ئاشکرای کرد: "تاوەکو ئێستا 13 تونێلی داعشمان دۆزیوەتەوە، کە بۆ خۆ حەشاردان و شاردنەوەی کەلوپەل و کەرەستەی سەربازی بەکاریاندەهێنان، هەروەها دەستگیراوە بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی بۆمبی چێنراو و 4 ماتۆڕسکیل و ژمارەیەک گوللە ئار پی جی، کە بۆ دروستکردنی بۆمبی چێنراو بەکاردەهێنران، لەگەڵ موەلیدەیەکی کارەبا و خواردن و کەرەستەی دیکە".
عەمید جەمال وارانی، باسی لەوەشکرد لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی لیوای کۆماندۆ و لیوای 144ی هێزەکانی پێشمەرگە بەشدارن، لە سنووری پەلکانەشەوە هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و لیوای 52ی سوپای عێراق بەشدارن.
بە گوتەی ئەوە فەرماندەیەی پێشمەرگە هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە 10 کیلۆمەتر لەنێوان گوندەکانی بەڵەگە و قوڕی چای پێشڕەوی بکەن و گوندی بەڵەگەی بچووکیان لە پاشماوەی چەکدارانی داعش پاککردووەتەوە و بەرەو قوڕی چای دەڕۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ