رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 4ـی ئەم مانگە، لیژنەی ئیجتیهاد و فەتوای یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، فەتوایەکی سەبارەت بە بەردەوامیی هێرش بۆ سەر غەززە و پێشێلکردنی ئاگربەستی غەززە لە لایەن ئیسرائیل دەرکرد کە "جیهادی چەکداری دژ بە داگیرکاری لە فەلەستین لەسەر هەموو موسڵمانێکی بەتوانا لە جیهانی ئیسلامی واجب کرد." لەوبارەیەوە عەبدولـلەتیف ئەحمەد، ناسراو بە د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرانی رەوتی سەلەفی کوردستان سەرنج و بۆچوونی خۆی سەبارەت بەو فەتوایە بۆ رووداو خستەڕوو.
رووداو پرسیاری لە د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد کرد لەسەر ئەوەی بۆچوونیان چییە سەبارەت بەو فەتوایەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، هەروەها لەبارەی ئەوەی موسوڵمانانی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو فەتوایەدا بکەن؟
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد:
رووداو: بۆچوونی ئێوە چییە سەبارەت بە فەتواکەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بۆ واجبکردنی جیهاد بەرامبەر ئیسرائیل چییە؟
د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد: سەرەتا داواکارم لە پەروەردگار موسڵمانان بپارێزێت لە هەموو جیهان بەگشتى و لە فەلەستینیش بە تایبەتى، و تۆڵەى ئەو هەموو ستەم، داگیرکارى، خوێنڕێژى، کاولکارى و منداڵکوژییە بکاتەوە لە ئیسرائیلى دڕندە، پاشان سەبارەت بە فەتواکە چەند تێبینییەک دەخەمەڕوو:
1. تازە فەتوا دەدەن دواى بە شەهید دانى نزیکەى پەنجا هەزار موسڵمان و برینداربوونى زیاتر لە سەد هەزار کەس و کاولبوونى غەززە و دەربەدەربوونى ئەوانەى ماون لە خەڵکەکەى؟!
2. واجببوونى جيهاد لەسەر فەتواکەى ئەوان نەوەستاوە، بەڵکو هەموو موسڵمانێک دەزانێت کە جیهاد واجب بووە بە دەقەكانى قورئان و سوننەت، هەر لەو کاتەوە کە ئیسرائیل دەستیکردووە بە داگیرکردنى خاکى فەلەستین، و چەند وڵاتێکى ئیسلامیش رووبەڕووى داگیرکارى ئیسرائیل بوونەوە، بەڵام شکستیان هێنا، چونکە ئیسرائیل تەنیا خۆى نییە و زۆربەى وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکاى لەپشتە، و موسڵمانانیش ئەو ئامادەکارییەیان تێدا نەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوە، نە لە روانگەى مەعنەوى و نە لە روانگەى مادى و عەسکەری.
3. هەرچەندە جيهاد واجبیش بێت، بەڵام کە لە تواناى موسڵماناندا نەبێت تاوانبار نابن، وەک لە شەرعدا هاتووە (لا یکلف الله نفسا الا وسعها) و لە قەواعیدى فیقهیدا گوتراوە: (ولیس واجب بلا اقتدار و لا محرم مع اضطرار)
4. نازانم فەتواکەیان بۆ خەڵکى داوە یان بۆ حکومەتەکان؟ و کام حکومەتەیان مەبەستە؟ تورکیا، قەتەر و ئێرانیشیان مەبەستە؟ و چۆن دەبێت مەبەستیان سعودیە بێت لەکاتێکدا بە موسڵمانى نازانن؟!
5. ئەگەر مەبەستیان دەوڵەتەکانە، ئەوە بۆچى داوا لە تورکیا، قەتەر و ئێران ناکەن.
6. ئەگەر مەبەستیشیان خەڵک و جەماوەرە، ئەى بۆ خۆیان نابن بە پێشەنگ؟! خۆ ئيخوانيیەكان زۆرن لە هەموو وڵاتێک، ئەى بۆ ئەو فەتوایە جێبەجێ ناکەن بەو شێوەیەى کە موفتیەکانیان دەیانەوێت؟
7. ئەرێ لە تورکیا ئیخوانەکان ئاوڕیان داوەتەوە لە فەتواکەیان و دەستیان کرد بە جیهاد؟! ئەى لە کوردستان؟ ئەى لە ئێران؟! ئەى لە قەتەر؟!
8. بينيمان وەزیرى دەرەوەى تورکیا گوتى: (نامانەوێت لەگەڵ ئيسرائيل توشى رووبەڕووبونەوە بین)، و بازرگانیەکانیشیان لەگەڵ ئیسرائیل ناوەستێنن و پەیوەندیشیان لەگەڵیان نەپچڕاندووە، ئینجا ئایا رووى دەمتان ئەکەنە ئەوانیش و پێیان بڵێن، ئێوە دەوڵەتێکى پشتیوانى جوولەکەن، هەروەک بە وڵاتە عەرەبیەکانى تر ئەڵێن؟!
9. هەروەها زۆربەى ئەو موفتیانەى ئیخوان لە وڵاتى قەتەرن، ئینجا ئایا بە قەتەريان گوت پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنە و جیهاد رابگەیەنە، ئەگینا بە جوولەکە و بەکرێگیراوت دادەنێین وەک چۆن وڵاتانى دیکە بە جولەکە دادەنێین؟!
10. ئێ ئیخوانەکان ئێوە خۆتان ئاوڕ نەدەنەوە بۆ فەتواکەتان، کەواتە چاوەڕێن کێ حیسابى بۆ بکات؟! فەرموون حەماس چاوەڕێتانە دەى چەک هەڵبگرن و بڕۆن بۆ جیهاد، دەى زۆر وتتان پێویستە موسڵمان مونافیق نەبێت و نەترسێت و جیهاد بکات. دەى فەرموون بە کردار بیسەلمێنن ئەوەتا موفتیەکانتان فەتواشیان بۆ دان، لەسەرچى وەستاون، لم تقولون ما لا تفعلون؟!
11. کە بڵێن ئاخر چۆن بچین ئێمە ناتوانین بگەینە ئەوێ؟ وڵاتانیش کارئاسانیمان بۆ ناکەن، ئەى کەواتە ئەم فەتوایەتان بۆ کێیە و دەتانەوێت کێ بگاتە ئەوێ؟
12. ئەى بۆچى بە حەماستان نەوت ئێوە دەستتان بەم کارە کرد بێ گوێدان بە زانایان و سەرکردەى وڵاتە عەرەبى و ئیسلامییەکان، بیرتان لەوە نەکردەوە کە بە تەنیا ناتوانن ئەم جیهادە بکەن و زەرەرى زیاتر ئەبێت لە قازانجى و، لە جیاتى تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل سەد ئەوەندەى تر خەڵک بە کوشت دەدەن، و لە جیاتى رزگارکردنى دیلێک هەزارانى دیکە بە گرت دەدەن و لە جیاتى گرتنەوەى بستێک خاکى داگیرکراوى فەلەستین، هەزارەها مەترى تر لەدەست دەدەن؟!
13. ئەگەر مەبەستیشیان خۆپیشاندانى جەماوەرى بێت لە وڵاتە عەرەبیەکان، ئەوا هەموو عاقڵێک تێ ئەگات ئەو کاتە مەبەستەکە تێکدانى ئەمن و ئاسایشى ئەو وڵاتانەشە نەوەک رزگارکردنى غەززە.
14. بێگومان کەس ئاوڕ لەم فەتوایە ناداتەوە جگە لە کۆمەڵە گەنجێکى خوێنگەرمى بەپەرۆش بۆ ئیسلام بەڵام بە نەزانى، و لەوەیە ئەوانە بچن خۆیان فیدا بکەن بێ هیچ ئامادەکارى و بێ هیچ پلانێک و بێ هیچ دەستکەوتێک.
15. ئەرێ ئەو جەنگاوەرانەى حەماس کە لە کاتى ئاگربەستنەکە دەرکەوتن بە جلى تازەو پاک و جوان و سەیارەى تازەوە، ئەرێ ئێستا لەکوێن بۆ ئەوان جیهاد ناکەن؟ بۆ هاوکێشەکەیان هەڵگێڕاوەتەوە و لەجیاتى ئەوەى خۆیان بێنە سەر زەوى و میللەت بشارنەوە، کەچى میللەت بووەتە قەڵغانى ئەوان، خەڵکە بێ دەسەڵاتەکە بە ئاشکرا دەکوژرێن و موجاهیدانى حەماسیش لە ناو تونێلەکانیاندا جێگایان قایمە و دوو رۆژى دیکە ئاگربەست کرا بە جلە پاکەکانیانەوە دێنە دەرەوە و عەرزى هێزى سەربازى خۆیان دەکەن!
16. باشە پێش ئەوەى حەماس ئەو جەنگە دەست پێ بکات لە حەوتى ئۆکتۆبەر، پرسیان بە موسڵمانان و سەرکردەى وڵاتەکانیان کرد تا بزانن بیکەن باشە یان نا، و تا بزانن ئایا وڵاتانى ئیسلامى دەتوانن پشتیوانیان بن یان نا؟ بێگومان نەخێر، بەڵکو سەرکردەى گشت وڵاتە عەرەبیەکانیان بە جوولەکە و مونافيق دادەنا، کەواتە ئێستا چۆن داوا لەو سەرکردە جولەکانە دەکەن بێن جیهاد بکەن؟!
17. ئەگەر بیانووى ئیسرائیل ئازادکردنى دیلەکانیانە ئەوە بۆچى حەماس ئازادیان ناکەن بۆ ئەوەى ئەو هەموو ژن و منداڵە موسڵمانە نەکوژرێن لەبەرامبەردا، ئایا ژیانى بیست/سی جوولەکە گرنگ ترە لاتان لە سەدان موسڵمان؟!
كەواتە بەڕاستى فەتواکە هیچ مانایەک و سودێک و کاریگەرییەکى نییە، و بێ زەحمەت ئیخوانەکان پێمان بڵێن، موسوڵمانانی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم فەتوایە بکەن و چ کاردانەوەیەکیان هەبێت و چۆن هەستن بەو جیهادە چەکدارییە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ