دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان حوکمی رۆژنامەڤانێکی هەڵوەشاندەوە

دوێنێ کاژێر 02:17
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سزای سێ ساڵ زیندانیی سەر رۆژنامەڤانێکی هەڵوەشاندەوە. پارێزەرێکی دەڵێت: "ئەمڕۆ یان سبەی ئازاد دەکرێت".
 
سلێمان ئەحمەد، هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و رۆژنامەڤان لە بەشی عەرەبیی ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز لە شاری سلێمانی، لە 25-10-2023 لە دەروازەی پێشابوور لە سنووری دهۆک دەستگیرکرا و دواتر بەگوێرەی مادەی یەک لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمانی کوردستان و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، سێ ساڵ حوکم درا.
 
بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی سەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و ئازادکردنی دەستبەجێ".
 
بەشدار حەسەن گوتی، تیمی دادگەی پێداچوونەوە بە کەیسی رۆژنامەڤانەکەدا پێنج کەس بوون و بەکۆی دەنگ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان داوە.
 
دوای پێنج رۆژ لە دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، 30-10-2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی (سلێمان ئەحمەد) دەستگیر کرد کە ناوبراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتووچۆی کردووە، بۆیە راگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە. راگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری رۆژنامەنووسییەوە نییە".
 
دواتر ئاژانسی رۆژنیوز سەرجەم زانیارییەکانی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی دهۆکی رەتکردەوە.
 
رۆژنیوز خۆی وەکو ئاژانسێکی هەواڵی دەناسێنێت کە بە زمانەکانی کوردی سۆرانی و کورمانجی، هەروەها عەرەبی و تورکی وەشان دەکات و لە ساڵی 2014 دامەزراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە