رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "تاوەکو ساڵی 2026 هێزەکانی هاوپەیمانان دەمێننەوە، بەڵام پێویستە پێداچوونەوە بە بڕیاری کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دا بکرێت."
لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد رایگەیاند "لە دوایین کۆبوونەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کە بەرپرسانی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون، ئامادەسازی هەبوو کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بمێننەوە و لە مانگی 10ـی ساڵی 2025 ئامادەسازی بۆ کشانەوەیان بکرێت، بەڵام ئەوە نەبووە بڕیار."
بەختیار محەممەد، گوتی "بەهۆی ئەو دۆخەی لە سووریا هاتووەتەپێشەوە، پێویستە عێراق پێداچوونەوە بە هەڵسەنگاندن و گفتوگۆکان لەگەڵ هاوپەیمانان بکات. تاوەکو ئێستا دانیشتن نەکراوە بە حکومەتی عێراق بڵێین مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گرنگە و پێویستمان بە هاوپەیمانانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش."
ئاماژەی بەوەشکرد "تاوەکو ساڵی 2026، هێزەکانی هاوپەیمانان دەمێننەوە. مانەوەی هاوپەیمانان پەیوەستە بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق یەک پاکێجە و هەرێمی کوردستان جیانەکراوەتەوە."
لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "پێویست و گرنگە" چونکە وەک گوتی "بیروباوەڕی داعش هێشتا هەیە و لە دوای رووداوەکانی سووریا جموجووڵی داعش لە ژمارەیەک وڵات زیادیانکردووە و لە چەند شوێنێکی دورەدەست لەنێو عێراق، حەشارگەیان هەیە، لە نێو شارەکانیشدا شانەی نوستوویان هەیە."
لیوا بەختیار گوتی: "داعش ئێستا سەرنجی لەسەر زیندانییەکانیانە و دەیانەوێت زیندانەکان بشکێنن، پلانی داعش و هەوڵەکانی بۆ زیندانەکانە بەتایبەت لە سووریا."
سەبارەت بەو هاوکارییەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەدرێتە هێزەکانی پێشمەرگە، لیوا بەختیار دەڵێت تاوەکو ئێستا ئەو هاوکارییە بەردەوامە و بەپێی پلان و خشتەی هاوپەیمانان، بەردەوام دەبێت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی یەکخستنەوەی هێزەکانی یەکەی 70 و 80 کرد و رایگەیاند "دوو فەرماندەیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دروست دەکرێن و کارەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی پلان بەڕێوەدەچن و بەردەوامن. ئەو دوو فەرماندەییەی دروست دەکرێن لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دا دەبن. دوو فەرماندەیی دەڤەر دروست دەکرێن و ناوی 70 و 80 دەگۆڕدرێت بۆ فەرماندەیی دەڤەر."
22ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی "شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێو باڵەخانەی وەزارەتدا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای کرد کە هەریەکە لە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەت؛ فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان؛ لیوا روکن بەختیار محەممەد، ئەمینداریی گشتیی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ــی هێزی پێشمەرگە؛ فەرماندەی فیرقەی 2 و 4ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری تێیدا بەشداربوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتیی بوو لە "گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی کە لە 11 فیرقەی سەربازیی پێکهاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ