رووداو دیجیتاڵ
نیڤشکانانی هەرێمی کوردستان مووچەیان لە 150 هەزار دینار تێپەڕناکات و چاوەڕێی هاوتاکردنی مووچەکانیانن لەگەڵ مووچەی نیڤشکانانی عێراق. بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵیان بۆ هاوتاکردنی مووچەی نیڤشکانان داوە و چاوەڕێی حکومەتی عێراقن.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 06-01-2025) زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەمان وەرنەگرتووە."
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ رووداو، ئێستا نزیکەی 76 هەزار هاونیشتمانی، مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرن.
خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەگەر هیچ مووچەیەکی دیکەی نەبێت، مانگانە 150 هەزار دینار وەردەگرێت؛ ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێت 100 هەزار دیناری پێدەدرێت؛ هاوتا بکرێت مووچەکە دەبێتە 250 هەزار دینار. لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی خێزان و ئەندامانی خێزانەکە بڕە پارەیەکی دیکەیان پێ دەدرێت.
جگە لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی مووچە وەردەگرن، لە ساڵی 2013ـەوە هیچ خاوەن پێداویستییەکی نوێ تۆمار نەکراوە بۆ ئەوەی مووچەیان پێ بدرێت. بە گوتەی سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بۆ رووداو، "زیاتر لە 40 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت، چاوەڕێی ناوتۆمارکردنن."
لەبارەی تۆمارکردنی ناوی خاوەن پێداویستی تایبەت، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی
ناوی 13 هەزار و 121 خاوەن پێداویستیی نوێمان تۆمارکردووە و بە راپۆرتی پزیشکی و هەموو رێکارە کارگێڕییەکانەوە داومانەتە بەغدا، بەڵام هیچ وەڵامێکی ئەوەشمان وەرنەگرتووە."
زەکیە سەید ساڵح گوتیشی، هەر کاتێک ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە نوێیانە کە هەرێمی کوردستان پەسندی کردوون لە بەغدا پەسند کرا، بۆ تۆماری ناوی نوێ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەرپرسانی حکومەتی عێراق بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان گوتووە، بۆ بڕینەوەی مووچە بۆ خاوەن پێداویستیی نوێ یان هاوتاکردنی مووچەی ئەوانەی مووچەیان هەیە، بودجەی تایبەتیان پێویستە بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ پرسەکەیان یەکلایی نەکردووەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، تەممووزی 2024 بۆ یەکەم جار مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا.
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای هاوتاکردن کەمترینی بووە 600 هەزار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ