رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، دانیشتووانی قەزای بنەسڵاوە دوای راگەیاندنی کارەبای 24 کاژێریی موەلیدەکان ناڕەزاییان دەربڕیوە و ئەوانیش بڕیارەکەیان لەو قەزایە هەڵوەشاندووەتەوە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رۆژی پێنجشەممە، 05-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی رووداو بڵاویکردەوە کە بڕیاردراوە لەمەودوا لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر موەلیدەکان کاربکەن، خەڵکی بنەسڵاوە رەتیانکردەوە و ئێمەش بۆمانکردنەوە بە خشتە و لە کاژێر یەکی شەو بۆ شەشی بەیانی موەلیدەکان دەکوژێنینەوە".
هۆکاری ناڕەزایی خەڵک لە کارکردنی 24 کاژێری موەلیدەکان ئەوەیە کۆتایی مانگ بەهۆی کارکردنی زۆری موەلیدەکانەوە پارەی زۆریان بۆ دێتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەمڕۆوە موەلیدە لە بنەسڵاوە و ناحیەکانی دەورووبەری بە گوێرەی خشتە کار دەکەن. گوتیشی: "سەنتەری شار وەکو خۆی دەمێنێتەوە و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکان 24 کاژێر کارەبا دابین دەکەن".
خۆران خۆرانی گوتیشی: "هەر هاونیشتمانییەک ناڕەزایی هەیە و دەڵێت پارەی زۆر بۆ دێتەوە، پەیوەندیمان پێوەبکات لیژنە دەچێتە گەڕەکەکەیان، ئەگەر زۆرینەی گەڕەکەکە دژی کارکردنی 24 کاژێریی موەلیدە بوو، ئەوکاتە بۆ ئەو گەڕەکە وەکو رابردوو دەیکەینە خشتە."
دوێنێ هاونیشتمانییەک لە هەولێر بە رووداوی گوت: "موەلیدەمان ناوێ کاژێر سێی بەیانی کار بکات، دوو رۆژ لەمەوبەر لەم بێ مووچەییەدا 62 هەزار پارەی چوار ئەمپێرمانداوە".
لە دهۆک چەند ساڵێکە لە هەموو وەرزەکاندا جێگیر کراوە و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانی دا موەلیدەکان 24 کاژێر کار دەکەن.
لە هەڵەبجە و سلێمانی جیایە و کارەبای موەلیدەکان بە گوێرەی خشتە کار دەکەن.
رۆژی دووشەممە نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی رابردوو دیاریکرا، بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانی و زیاتر کارکردنی موەلیدەکان، بەرزترین نرخی ئەمپێر لە شاری هەولێر بوو.
بۆ مانگی رابردوو نرخی ئەمپێری موەلیدە لە شارەکان بەمشێوەیە بوو:
هەولێر: نرخی ئەمپێرێک لە نێوان 9 تاوەکو 13 هەزار و 750 دینار بوو، لە چەند گەڕەکێکیش گەیشتە 17 هەزار و 250 دینار.
سلێمانی: نرخی ئەمپێرێک لە نێوان 9 بۆ 10 هەزار دینار بوو.
دهۆک: نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 7 بۆ 13 هەزار و 750 دینار بوو.
هەڵەبجە: نرخی ئەمپێرێک 9 هەزار و 500 دینار بوو.
کەرکووک: نرخی ئەمپێرێک لە نێوان سێ بۆ شەش هەزار دینار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ