هێزە کوردستانییەکان: ده‌بێت سيسته‌مى فيدراڵى پارێزراوبێت

05-11-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کوردستان
A+ A-
رووداو-هەولێر

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان جه‌ختيانكرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێكى ده‌ستووردا ده‌بێت سيسته‌مى فيدراڵى و ماف و ئازادییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق و ماف و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستووریه‌كه‌ی پارێزراو بن.
 
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/11/2019 به‌ ئاماده‌بوونی د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركۆماری عێراق ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی عێراق و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە سه‌رجه‌م به‌شدارانی كۆبوونه‌وهکە‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری رووداوه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و ئیداریی عێراقدا رووده‌دات، ده‌رئه‌نجامی كه‌موكوڕیی كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ندین ساڵه‌ی حوكمڕانی و جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستوور بووه‌، بۆیه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ڵسه‌نگێندرا، هاوکات داكۆكى له‌ مافی راده‌ربڕین و ئازادیی هاووڵاتیيان له‌ داواكردنی مافه‌كانیان کرایه‌وه‌، وێڕاى ده‌ربڕینی نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر قوربانیانی خۆپيشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان.
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داوا ره‌واكانى خه‌ڵكى عێراقن و پشتيوانن كه‌ حكومه‌تى عێراق رێكاره‌ پێويسته‌كان بۆ چاكسازى و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى داخوازييه‌ ره‌واكانيان بگرێته‌به‌ر".
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌که‌دا پاراستنی سه‌قامگیریی عێراق و دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی به‌ پێویست زانرا، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر و هێزه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر عێراق، به‌تايبه‌تى كاريگه‌رييان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێم.
 
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هاوهه‌ڵوێستیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر بۆ‌ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانی عێراق به‌گشتی و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى پێكهاته‌كان.
 
له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ سیاسيیه‌کانی کوردستان بۆ هاوكاريكردنى عیراق له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و ده‌سته‌به‌رکردنی حوکمڕانیيه‌کی دروست و هێنانه‌دى چاكسازى و ره‌چاوکردنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان، كرايه‌وه‌.
 
بابه‌تی داواكاریی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌شداربووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ جه‌ختيان‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێكى ده‌ستووردا ده‌بێت سيسته‌مى فيدراڵى و ماف و ئازادییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق و ماف و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستووریه‌كه‌ی پارێزراو بن.
 
به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وله‌وييه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌ و لايه‌نه‌كانى، پاراستنى سه‌قامگيرى و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر و به‌رده‌واميى پرۆسه‌ى چاكسازى ده‌بێت و پشتيوانيى چاكسازييه‌كان له‌ عێراق ده‌كه‌ن، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو كوردستانييان دڵنياده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ يه‌كڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستى كار ده‌كه‌ن و ده‌سكه‌وت و به‌رژوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌پارێزن.
 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".