بەربژێرێکی سەربەخۆ: هەرکەس ژنی دووەم بهێنێت، دەبێ رۆژانە بە پێ بچێتە سەر چیای سەفین و بێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە بەڵێنەکانی بەربژێرێکی سەربەخۆ لە بازنەی هەولێر ئەوەیە کە ئەگەر بچێتە پەرلەمان، یاسایەک دژی ئەو کەسانە دەردەکات کە ژنی دووەم دەهێنن و دەڵێت، "دەبێ بەپێ بچنە سەر چیای سەفین و بێنەوە".
 
زانا حەسەن باییز، رۆژی شەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، بە رووداوی گوت: "کەسانی زۆر ژنی دووەمیان هێناوە و مافی ژنی یەکەمیان خواردووە، ئەگەر بچمە پەرلەمان یاسایەک بۆ ئەو کەسانە دەردەکەم کە ژنی دووەم دێنن و مافی ژنی یەکەم دەخۆن، دەبێ رۆژانە بە پێ رەوانەی سەر چیای سەفینیان بکەم و هەر بە پێ بیانگەڕێنمەوە".
 
هەرچەندە لە دەرەوەی عێراق هیچ کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردسان دا نییە، بەڵام زانا حەسەن لە بەریتانیاش بانگەشەی دەستپێکردووە و دەڵێت، "لە بەریتانیا نوێنەرم هەیە و لەوێ لەنێو کورد و ئینگلیزەکان بانگەشەم بۆ دەکات و دەمناسێنێت."
 
زانا حەسەن زیاتر لەوبارەیەوە قسەی کرد و گوتی، زمانی ئینگلیزی دەزانێت و رۆژانەش هەوڵی باشترکردنی ئینگلیزییەکەی دەدات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە زیاتر خۆی لە دەرەوە بناسێنێت.
 
زانا حەسەن دانیشتووی شاری هەولێرە و بە ماتۆڕێکی سێ تایە رۆژانە نانەقەیسی دەفرۆشێت. دەڵێ: ملیۆنێک و 250 هەزار دیناری قەرز کردووە بۆ ئەوەی بانگەشەی پێبکات.
 
ئەو بەربژێرە سەربەخۆیە دەڵێت، "دوای ئەوەی چوومە پەرلەمانیش رۆژانە سێ بۆ چوار کاژێر و هەفتانە شەش رۆژ لەنێو میللەتەکەم دا دەبم".
 
زانا حەسەن، لەبارەی پڕۆژەکانی دیکەی بۆ کوردستان دەڵێت، لە داهاتوودا دەبێت لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێل دروست بکرێت و گرنگی زیاتر بە کەرتی تایبەت بدرێت و وانەیەکی پیشەیی لە قوتابخانەکان بخوێندرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە