مەسرور بارزانی: ئەگەر نیگەرانیی ئەندامانمان چارەسەر بکەین، دەنگێک دەهێنین ناحەزانمان تووشی شۆک دەکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختدەکاتەوە لەوەی "رێگە نادەن هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان رابکێشرێنە نێو ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، دەشڵێ "هەر کەسێک پێیوابێت، دەتوانێت ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لەنێوببات، دەبێت بزانێت هەرێمی کوردستان خاوەنی هەیە کە خەڵکەکەیەتی". 
 
جێگری سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی پارتی لە دهۆک، جەختیشی کردەوە "ئەگەر پارتی بتوانێت نیگەرانییە نێوخۆییەکانی بڕەوێنێتەوە، ئەنجامێک لە هەڵبژاردن بەدەستدەهێنێت، هەموو ناحەزانی تووشی شۆک ببن."  
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 5-10-2024) کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک سازکرا، بەربژێرانی حیزبەکە لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا بە خەڵکی ناسێندران. 
 
لە گوتارێکیدا لەو کەرنەڤاڵە، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند "هەر کەسێک پێیوابێت دەتوانێت ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندیی کەسی، یان بەرژەوەندیی حیزبەکەی لەنێوببات، دەبێت بزانێت، ئەم وڵاتە خاوەنی هەیە، کە خەڵکی کوردستانە و پارێزەری ئەم وڵاتەش پێشمەرگەیە، لە سەرووی هەموو پێشمەرگەشەوە جەنابی سەرۆک بارزانی". 

 

 
گوتیشی "هەر کەسێک بیر لە تێکدانی ئەم دۆخە بکاتەوە، دەبێت بزانێت، رووبەڕووی سەرکردەیەک دەبێتەوە، رووبەڕووی پێشمەرگەیەک دەبێتەوە کە هیچ کاتێک خۆی بۆ دوژمنانی نەچەماندووە".
 
جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند "هەر شوێنێک پارتیی لێبێت، ئاوەدانی لەو شوێنە هەیە، هەر کاتێکیش پارتی سەرکردایەتیی کردبێت، ئارامی و ئاوەدانی هەیە، پارتی لە کاتی ئارامیدا پێشدەکەوێت، بۆیە نەیاران دەیانەوێت لەو کاتانەدا کەشێک دروست بکەن، کە کێشەی تێدا هەبێت." 
 
لە گوتارەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی باسی لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و دڵنیاییدا لەوەی رێگەنادەن هەرێمی کوردستان پەلکێشی نێو ئەو ئاڵۆزییانە بکرێت، گوتی "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کاتێكی سەختدا تێدەپەڕێت، کەس نازانێت دۆخەکە بەکوێ دەگات، بەڵام لەژێر سەرکردایەتیی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و پارتی، هەموو کاتێک هەوڵدەدەین خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ئەم کێشانە نەبن". 

 

 
دڵنیاییشیدا لەوەی "ئەگەر دۆخەکە وایلێهات بە هەر هۆکارێک ناحەزان چاویان بڕییە هەرێمی کوردستان، یان وایان کرد رق و کینەیان لە سەری میللەتەکەمان بڕێژن، بیر لەو رۆژە بکەنەوە ئاخۆ ئەو کاتە کێ ئامادەیە رۆحی بکاتە قوربانیی ئەم میللەتە؟ بێگومان چۆن پێشتر پارتی هەموو کات لە سەنگەری پێشەوەدا بووە، لە بەرگریکردن لەم میللەتە و لەم خاکە، هەر کات پێویست بێت، پارتی ئامادەیە بە رۆح و گیان خۆی بکاتە قوربانیی کەرامەت و دەستکەوتەکانی ئەم میللەتە."  
 
مەسرور بارزانی پێیوایە پارتی بە تەنیا بارێکی گرانی لەکۆڵ ناوە و رایگەیاند "هیچ کەسێک ئامادە نەبووە، ئەو بارە گرانەی پارتی هەڵیگرتووە، هەڵیبگرێت و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکان ببێتەوە، پشت بە خوا و میللەتەکەی ببەستێت، بەڵام پارتی ئەمەی کردووە و لەسەریشی بەردەوام دەبێت." 
 
جێگری سەرۆکی پارتی بۆ جەماوەری حیزبەکەی باسی لە درووشمی لایەنەکانی دیکە کرد و پرسیاری کرد، ئاخۆ "ئەو کەسانەی ئەو دروشم و بەڵێنانە بە خەڵک دەدەن، ئایا پێیان جێبەجێ دەکرێت؟" لەبارەی درووشمەکانی پارتیشەوە، مەسرور بارزانی گوتی "ئێمە پێمان دەکرێت بڵێین لیستی پارتی هەر درووشمێکی هەڵگرتبێت و هەڵیبگرێت، جێبەجێی دەکات".  

 

 
بەگوتەی مەسرور بارزانی "ئێمە دەمانەوێت خەڵک لێمان رازی بێت، رازیبوونی خەڵکی کوردستان گەورەترین دەستکەوتە". بەڵێنیشیدا "دەنگمان پێبدەن، دڵنیابن پارتی ئەوە دەکات، کە لە خزمەت خەڵکی کوردستان بێت".
 
مەسرور بارزانی باسی لە نیگەرانییە نێوخۆییەکانی پارتی کرد و باسی لە یەک کێشەی نێو حیزبەکەی کرد، گوتی "کێشەی ئێمە یەک شتە، ئەو خەڵکە نێوخۆییەی لێمان ناڕازین، دەبێت بزانین لە زیرەکیی ناحەزانمان نییە، بەڵکو کەموکوڕییەکە لە خۆمانە، ئەگەر پێمان بکرێت ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر بکەین، کێشەکان چارەسەر بکەین، ئەوانەی نیگەرانن چاکیان بکەینەوە، پارتی نەک تەنیا دەباتەوە، بەڵکو بەشێوەیەک دەباتەوە؛ هەموو ناحەزانمان تووشی شۆک ببن". 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە