ئەردۆغان: چارەسەری دۆخی کەرکووک هەبوونی دەسەڵاتێکی کارگێڕییە کە دیمۆگرافیاکەی لەبەرچاو بگرێت

05-09-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی باسی لە دۆخی شاری کەرکووکی باشووری کوردستان کرد و رایگەیاند، "بڕوامان بەوەیە کە لە شاری کەرکووک و لە ناوچەکە دروستترین و تەندروستترین و هەمیشەییترین چارەسەر، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کارگێڕییە کە دیمۆگرافیای ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، کابینەی حکومەتی تورکیا لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە 3 کاژێری خایاند و کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، پرسەکانی ئابووری و پێشهاتە نێوخۆیی و هەرێمییەکان تاوتوێکران.
 
سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەکە بۆ میدیاکان قسەی کرد و لەبارەی دۆخی کەرکووک رایگەیاند، بە بڕوای ئەوان "دروستترین، تەندروستترین و هەمیشەییترین چارەسەر لە شاری کەرکووک و لە ناوچەکە، هەبوونی دەسەڵاتێکی کارگێڕییە کە دیمۆگرافیای ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت".
 
ئەردۆغان باسی لە دۆخی دێرەزووریش لە سووریا کرد و گوتی، چەندینجار هۆشدارییان بە ئەمریکا داوە کە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەکات و رایگەیاند، "ئەگەر [ئەمریکا] بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەڵوێستەی، ئەو کاتە لە داهاتوودا زیان بە بەرژەوەندییەکانی و زیان بە ناوچەکەش دەگەیێنێت. پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە روونی نیگەرانی و راستی ئێمە پشتڕاست دەکەنەوە."
 
لەبارەی دۆخی سووریاش، ئەردۆغان حکومەتی بەشار ئەسەدی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە جیاتی ئەوەی ببێتە بەشێک لە چارەسەر، بووەتە بەشێک لە کێشەکە.
 
ئەم گوتەیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 2-9-2023 بەشێک لە هاونیشتمانیانی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و دواتر گرژی دروستبوو و لە ئەنجامدا 4 هاونیشتمانی بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش برینداربوون. 
 
دەقی قسەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان:
 
"لە کاتێکدا ئێمە ئاسایشی سنوورەکانمان دەپارێزین، لە جموجووڵێکی وەهاداین کە هاوسەنگی لە ناوچەکە دەپارێزێت. ئێمە هەر بەمشێوەیە سەیری ئەو ئاڵۆزییانەی عێراقیش دەکەین کە لە کەرکووکەوە دەستیان پێکرد. بڕوامان بەوەیە کە لە شاری کەرکووک و لە ناوچەکەش دروستترین و تەندروستترین و هەمیشەییترین چارەسەر، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کارگێڕییە کە دیمۆگرافیای ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت. ئێمە لە سووریاش چەندین جار هۆشداریمان دا بە ئەمریکا بۆ ئەوەی هاوکاریی رێکخستنی جوداخواز نەکات، ئەگەر لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت، لە دوارۆژدا زیان دەگاتە بەرژەوەندییەکانی و ناوچەکەش. پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە روونی نیگەرانی و راستی ئێمە پشتڕاست دەکەنەوە. سەرسەختی رژێم کە بەشێک نییە لە چارەسەر، بەڵام بەشێکە لە کێشەکە، ئالۆزییەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکات. ئێمە وەکو تورکیا جیدین لەسەر هەوڵمان لە پێناو چارەسەرێکی هەمیشەیی لە سەر بنەمای یەکێتی خاکی سووریا و دیمۆگرافیای راستەقینەی ئیتنی و مەزهەبی ناوچەکە. داوا لە ئەمریکا، رووسیا، ئێران و رژێم و ئەو لایەنانە دەکەین کە کاریگەرییان لەسەر گرووپەکانی ناوچەکە هەیە، بەم ئاراستەیە ئاراستەیەدا هەوڵ بدەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە