​ لە دوای سووتانی مێردەكەی، ئەویش خۆی دەسووتێنێ

05-09-2019
عومەر چاوشین
نیشانەکردن خۆسووتاندن قەڵادزێ ژن #رۆژنامەی_رووداو
A+ A-

رووداو - قەڵادزێ‌

مەنیج زۆر لە ناوەكەی ناڕازی بوو كردی بە مەرجان، بەڵام ژیان ئەو مەرجانە نەبوو كە ئەو بەدوایدا گەڕا. تەمەنی  گەنجێتی بە هەژاری بەسەربرد و كە شوویشی كرد هەر هەژار بوو، هەر بە هەژاریش سەری نایەوە. 

شەوی 27/8/2019 ژنێكی تەمەن 36 ساڵ بەناوی مەنیج عەبدوڵڵا رەسوڵ، لە ماڵی باوكی لە گەڕەكی هەنارۆكی قەڵادزێ‌، نەوتی بەخۆیدا كرد و ئاگری لە خۆی بەردا، رۆژی دواتر لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی گیانی دەرچوو.

 ژیانی مەنیج پڕ بووە لە كێشە، كێشەكانیش ئەوكاتە زیاتر بوون كە هاوژینەكەی لەدەستدا. سنوور ئەحمەد كە پووری مەنیجە و لە پرسەكەیدا دانیشتبوو، گوتی: "مەنیج لە ماڵی باوكیدا كێشەیەكی ئەوتۆی نەبوو، تەنیا ئەوە بوو باری داراییان باش نەبوو".
سنوور دەڵێت كاتێك مەنیج شووی كرد هیچ كێشەیەكی نەبوو، تا ئەو كاتەی هاوژینەكەی لە رووداوێكی تەمومژاویدا سووتا و مرد، ئیدی ژیانی مەنیج كاول بوو. 

سنوور گوتی: "دوای سووتانی مێردەكەی، مەنیج هاتەوە ماڵی باوكی، لەوێ‌ باری دەروونی تێكچوو، چەندینجار بردمانە لای پزیشك، بەڵام سوودی لە دەرمانەكان نەدەبینی، بەشێوەیەكی كاتی چاك دەبوو، دواتر وەكو خۆی لێدەهاتەوە، پاشان بردمان بۆ لای مەلا و شێخ، بەڵام ئەوانیش دەردی مەنیجیان پێ‌ چارەسەر نەكرا".

سنوور پێیوایە خوشكەزاكەی بەهۆی ئەو پڕوپاگەندانەی لەدوای لەدەستدانی مێردەكەی بەدوایدا كران، تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو "كە مێردەكەی سووتا پڕوپاگەندەی زۆریان بۆ كرد، هەندێكیان دەیانگوت مێردەكەی لە داخی مەرجان خۆی سووتاندووە. هەندێكی دیكە دەیانگوت مەرجان بۆ خۆی هاوژینەكەی خۆی سووتاندووە. پۆلیس دەستگیری كرد، نزیكەی ساڵێك لە زیندان بوو، بەڵام هیچی لەسەر ساغ نەبووەوە، بۆیە ئازادكرا و گەڕایەوە لای دایكی". سنوور گوتیشی: "مەنیج لە داخی ئەو پڕوپاگەندانە چەند جارێك هەڕەشەی خۆسووتاندنی كرد".

بەناز قادر كە براژنی مەنیجە، پێشوازی لە میوانەكانی پرسەكەی دەكرد، قسەكانی پووری مەنیج پشڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: "مەنیج تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبوو، پێشتریش دووجار هەوڵی خۆلەناوبردنی دابوو، جارێكیان لە ماڵی خەسووی نەوتی بەخۆیدا كرد و ویستبووی خۆی بسووتێنێ‌، بەڵام ئەوان نەیانهێشتبوو. جارێكی دیكەش لە ماڵی باوكی". 

هەروەها دەڵێت: "شەوێكیان ویستبووی رەیحانی خوشكی (كە كەمئەندامە) لە خەودا بخنكێنێ‌، بەڵام دایكی فریای كەوتبوو".
بە بڕوای بەناز، مەنیج زۆرتر بەهۆی قسە و قسەڵۆكی خەڵك تێكچووە "زۆر بیری لە قسەی خەڵك دەكردەوە و بەو دەنگۆیانە زۆر نیگەران بوو كە دەیانگوت تۆ هاوسەرەكەت سووتاندووە".

بەناز باسی ئەو شەوە دەكات كە مەنیج خۆی سووتاند و دەڵێت: "ئەو شەوە تەنیا دایكی و خوشكەكەی لە ماڵەوە بوون. نەوتی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لە خۆی بەرداوە، بە پەلە گەیەنرابووە نەخۆشخانەی قەڵادزێ‌، لەوێ‌ بەڕێكرا بۆ سلێمانی".

بەناز كە لە نەخۆشخانە لەگەڵ مەنیجدا بووە، دەڵێت بەر لەوەی گیانی دەربچێ‌، چەند جارێك لەلای ئەو گوتوویەتی پەشیمانە لە خۆسووتاندن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی هاوسەری مەنیج كە لە پرسەكە دانیشتبوو، گوتی: "ساڵی 2009 مەنیج شووی بە كوڕە ئامۆزایەكی خۆی كرد، ساڵێك پێكەوە بوون، بەڵام لە پڕ شەوێك بوو بە هات و هاوار، گوتیان هاوژینی مەنیج لە نێو جێگەكەیدا سووتاوە. لەسەر ئەو رووداوە داوا لەسەر مەنیج تۆمار كرا و پۆلیس مەنیجی دەستگیركرد. دۆسیەكە هێشتا یەكلایی نەبووبووەوە، پۆلیس مەنیجی ئازاد كرد".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "گومان هەبوو كە مەنیج دەستی لە رووداوەكەدا هەبێ‌، چونكە هاوژینەكەی لەسەر جێگا سووتابوو، هەر بۆیەش خەڵك پێیانوابوو دەستێك لە پشت ئەو رووداوە هەیە، زۆرتریش باسی مەنیج دەكرا، مەنیجیش زۆر خەمی بەو قسانە دەخوارد، سێ‌ ساڵ لەمەوبەر تووشی نەحۆشیی دەروونی بوو".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا  لە دەڤەری پشدەر و بیتوێن دوو ژن كوژراون، چوار ژن خۆیان سووتاندووە، شەش ژن سووتان و دوو ژنیش بە مەبەستی خۆكوشتن دەرمانیان خواردووە.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، سەبارەت بە خۆسووتاندنی ئەو ئافرەتە بە (رووداو)ی گوت: "ئەو ئافرەتە خۆی سووتاندووە، كەس سكاڵای نەبووە بۆیە كەس نەگیراوە، بەڵام پۆلیس دۆسیەی بۆ كردووەتەوە و دەركەوتووە نەخۆشیی دەروونی هەبووە". 

گوتیشی: "ئەو ئافرەتە پێشتر بە تۆمەتی سووتانی هاوژینەكەی دەستگیركرابوو، دواتر لە شەڵتەر دانرا، بەڵام تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ نەبووەوە و ئازاد كرا".

یوسف عومەر، پسپۆڕی دەروونی لەوبارەوە دەڵێ، هەر كەسێك تووشی رەشبینی و بێهیوایی و نەخۆشیی دەروونی بێت، بەدوور نازانرێ‌ پەنا بۆ خۆلەناوبردن ببات.

یوسف عومەر دەڵێت: "بە گوێرەی توێژینەوەكان 90%ی ئەوانەی هەوڵی خۆكوشتن دەدەن، پێشتر كێشەیان هەبووە، 42%یان نەخۆشیی دەروونییان هەیە، لە نێو نەخۆشییە دەروونییەكاندا خەمۆكیی توند هۆكارە بۆ پەلكێشكردنی تاك بۆ خۆكوشتن، 50%ی ئەوانەی خۆیان دەكوژن، خەمۆكیی توندیان هەیە".

ئەو شارەزایەی بواری دەروونی دەڵێت هەر خێزانێك هەستی كرد تاكێكی خێزانەكەی باری دەروونی جێگیر نییە، پێویستە بە زووترین كات بیبات بۆ لای پزیشكی دەروونی. جگە لەوەش لە ماڵەوە ژینگەیەكی گونجاو و دوور لە ژاوەژاو و كێشەی بۆ دابین بكەن، بۆ ئەوەی دەروونی ئارام بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە