سبەی گەرمیان بەرزترین پلەی گەرمای دەبێت

05-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سبەی شەممە بەرزترین پلەی گەرما لە ناوچەی گەرمیان تۆماردەکرێت، کە 48 پلەی سیلیزی دەبێت. نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 30 پلەی سیلیزی دەبێت، عێراقیش لە 24 کاژێری رابردوو لە لیستی گەرمترین ناوچەکانی جیهان دەرهاتووە. 
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بۆ کەشی سبەی شەممە، 6ـی تەممووزی 2024، پێشبینی دەکات، ئاسمان ساماڵ بێت و پلەی گەرما نزیكبن لە تۆمارکراوەکانى رۆژی هەینی، 5ـی تەممووز.
 
هەر بەپێی پێشبینییەکان، خێرایی با بۆ رۆژی شەممە لە نێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت و ئاراستەکەشی باشووری خۆرئاوا دەبێت. 
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی شەممە، بەمشێوەیە دەبێت: 
 
- هەولێر: 44 پلە
- سلێمانی: 41  پلە
- دهۆک: 43 پلە
- کەرکووک: 46 پلە
- هەڵەبجە: 44 پلە
- زاخۆ: 43 پلە
- سۆران: 41 پلە
- حاجی ئۆمەران: 32 پلە
- گەرمیان: 48 پلە
 
تایبەت بە کەشوهەوای رۆژی شەممەی عێراق، 6ـی تەممووزی 2024، بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق هیچ پارێزگایەکی عێراق 50 پلەی سیلیزی تۆمار ناکات، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو پارێزگاکانی عێراق بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەمشێوەیەیە: هەولێر 44، سلێمانی 44، دهۆک 41، کەرکووک 45، نەینەوا 44، سەڵاحەدین 42، ئەنبار 42، دیالە 44، بەغدا 45، واست 45، بابل 45، کەربەلا 46، میسان 48، دیوانیە 46، نەجەف 47، زیقار 46، موسەنا 46 و بەسرا 49 پلە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوولەمەرزەزانیی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ هەفتەی داهاتوو نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەم هەفتەیە، لە هەندێک ناوچە لەنێوان یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە، بەڵام بەگشتی پلەی گەرمای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نزمتر دەبێت لە پارێزگاکانی باشووری عێراق.
 
عێراق لە لیستی گەرمترین 15 شوێن و شاری جیهان لە بەرزیی پلەکانی گەرماش لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو دەرچووە، جەزائیر شوێنی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، پێنج شار و شوێنی ئەو وڵاتە لە گەرمترینەکانی 24 کاژێری رابردوو بووە، دوای ئەویش عوممان و ئێران دێن کە هەریەکێکیان چوار ناوچەی گەرمترینی هەبووە، لە ریزبەندی سێیەمیشدا پاکستان بە دوو ناوچەوە دێت. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە