سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی: پێشبینی دەکەم ئەمجارە بەشداری خەڵک زیاتر بێت

05-07-2024
محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی (لای راست).
محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی (لای راست).
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت، جیا لە کۆنسووڵخانە، لە کەلار و شاری تازەش سندووقی گەڕۆک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دانراوە. راشیگەیاند، ''بێگومان هەر بەربژێرێک دەربچێت، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، کاری لەپێشینەی دەبێت.''
 
محەممەد مەحموودیان، سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی گەڕی دووەمی 14یەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران رایگەیاند، ''لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە پڕۆسەی دەنگدان لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە کە تاوەکو کاژێر 18:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت".
 
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە 28-06-2024 بەڕێوەچوو. محەممەد مەحموودیان گوتی، ''ئەمڕۆش هاوشێوەی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار، دەرفەتی دەنگدان بۆ هەموو ئەو ئێرانییانەی لێرە دەژین، دەستەبەر کراوە".
 
بەگوتەی سەرکۆنسووڵی ئێران، جیا لە سلێمانی سندووقێکیش لە کاژێر 10:00ـەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی کەلار دانراوە تاوەکو کاژێر 12:00، هەروەها ئەو ئێرانییانەی لە کەرکووکن، دەتوانن لە شاری تازە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکە نزیکەی 40٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد، بەڵام هیچ کام لە چوار بەربژێرەکان 50٪ + 1ـی کۆی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی گوتی، ''رێژەی بەشداریی خەڵک لە گەڕی پێشوودا باش بوو، پێشبینی دەکەم لەو گەڕە زیاتریش بێت".
 
لە گەڕی دووەمی 14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن کە پێشتر زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنابوو. ئەوانیش سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان بوون.
 
محەممەد مەحموودیان گوتی، ''بێگومان هەر کام لە بەربژێرەکان دەربچێت، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی، کاری لەپێشینەی دەبێت".
 
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بە ''ماندووبوون و هاوکارییەکانیان'' لە سلێمانی، کاریگەرییان لەسەر باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا هەبووە.
 
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە، واتا بەر لە 05-07-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەیە کە زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەسن.
 
بەگوێرەی ئەنجامی دوایین راپرسی، کە ناوەندی راپرسیی خوێندکارانی ئێران ناسراو بە ئیسپا بڵاویکردووەتەوە، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخواز زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و دەبێتە سەرۆککۆمار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێگەی مەرگ؛ چیرۆکی تێکشکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا لە زاری قاچاخچییەکانەوە

رێگەی مەرگ؛ چیرۆکی تێکشکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا لە زاری قاچاخچییەکانەوە

جیاواز لە قسەی رزگاربووانی نێو بەلەمە نقوومبووەکەی ئیتاڵیا، رووداو لە زاری قاچاخچییەکانەوە چیرۆکی بەڕێکەوتنی پەناخوازان و نقوومبوونی بەلەمەکە دەگێڕێتەوە. قاچاخچییەک دەڵێت: "رۆژێک دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە، زیاتر لە 20 کەس تەلەفۆنی کردووە. خەڵک بێزارە". قاچاخچییەکی دیکەیش دەڵێت: "بەلەمەکان ئەوپەڕی 12 کەس دەگرێت، بەڵام تاوەکو 100 کەسی تێدەکرێت".