رووداو- ھەولێر
سەید ئەحمەد، کەسایەتی دیاری نێو یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لەبارەی پشتگیریكردن لە پێشمەرگە وەڵامی مەلا کرێکار دەداتەوە و رایدەگەیێنێت "پشتگیریکردنم بۆ پێشمەرگە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئیمانی و شەرعییە". رەخنەش لە كرێكار دەگرێت چۆن پشتگیری داعش دەكات كە ئەو بە پڕۆژەیەكی شیعەی سەفەوی پێناسەی دەكات.
مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی ئەنساڕولئیسلام، رۆژی 3-7-2016، لە ھەڤپەڤینێکی رۆژنامەڤانیدا ھێرشێکی تووندی كردە سەر ئیخوانەکانی باشووری کوردستان.
کرێکار لاوازی ئیسلامییەکان بۆ ھەژاری لە بواری عەقیدە و لایەنی عیلمی شەرعی دەگەڕێنێتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئیخوان و خودی یەکگرتوو دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت " لەبەرئەوە بوو ئیخوان (یەکگرتووی ئێستاش) ھیچ بایەخیان بە لایەنی عەقیدە نەدا، بەتایبەتی وەلاو و بەرا، بۆیە زۆر ئاسایی دەبوونە سەربازی بەعس و ئێستاش پێیان زۆر ئاساییە بەرەی پارتی و یەکێتـی بەرامبەر تەنزیمـی دەولە بە بەرەی شەرعیی بزانن، چ ھەڵوێستی رەسمی حيزبەکە چ ھەڵوێستی کەسانی وەکو مامۆستا سەید ئەحمەد، قسەکانیان لە خزمەت پێشمەرگەکان دایە لە بەرەکانی شەڕ".
لەبەرامبەردا د.سەید ئەحمەد عەبدولوەھاب، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکگرتوو، لە وەڵامی مەلا کرێکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پیشتگیری پێشمەرگە بە ئەرکێکی شەرعی، ئەخلاقی و ئیمانی خۆمی دەزانم، ئەگەر نەتوانین لە نزیکەوە خزمەتیان بکەین و ھاوکارییان بکەین، خۆ دەتوانین سەردانیان بکەین و، لە مزگەوت و نوێژی ھەینی و کۆڕ و کۆبوونەوە ئیمانییەکاندا نزایان بۆ بکەین، بۆیە شانازی دەکەم پشتگیری برا پێشمەرگەکان دەکەم".
سەید ئەحمەد کە ئێستا گوتارخوێنی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری ھەولێرە، رایگەیاند:" ئەگەر پێشمەرگە و ئاسایش و ئەمان نەبێت، مزگەوت و دەعوەو ئیعلامی ئیسلامیش نامێنت، ئەگەر بەرگری و خوێنی ئەو پێشمەرگانە نەبێت، ژیان لەم وڵاتە نامێنت، ھەر کەسێک سوپاسی خەڵک نەکات، خوداش سوپاسی ناکات".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەید ئەحمەد ھێرشێکی تووندی کردە سەر داعش و ملیشیا شیعەکان و گوتی " ھەڵوێستی من روون و ئاشکرایە، داعش و میلیشیا شیعەكان یەک پڕۆژەن و وڵاتانی ئیسلامی سوننەیان وێرانکرد، من کەسێکم ئاگاداری رووداوەكان و پیلانەکانی زایۆنی، سەڵیبی، سەفەویم، بۆیە کەسێکی حەقبێژم و دەزانم چۆن قسە بکەم".
ئەو ئەندامەی دامەزرێنەری یەکگرتوو لەبارەی قسەکانی کرێکارەوە زۆرتر گوتی "گەردەنی ئازا بێت بەس حەق نییە داعش و خەلیفەکەی بکاتە قارەمان و پاڵەوان، داعش بەشێکە لە پرۆژەی شیعەی سەفەوی، خودا ھیدایەتی مامۆستا کرێکار بدات، ئێمە دوعامان بۆ دەکرد لە زیندان ئازاد بێت و بگەڕێتەوە کوردستان و خزمەت بکات نەک پشتگیری پڕۆژەیەکی مەترسیدار بکات، مامۆستا کرێکار با پرسیار لە داعش بکات بۆچی لە ئەوروپا تەقینەوە دەکەن، بەڵام لە تارا، قوم، کەربەلا و نەجەف نایکەن".
مەلا كرێكار لە هەڤپەیڤینەكەیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەیمەن زەواهیری، ئەمیری قاعیدە و ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعش خستووەتەڕوو و دەڵێت "هەردوو لایان بە دوو كۆمەڵی ئیسلامی موجاهید دەزانم، ناكۆكیی نێوانیانم پێ ناخۆشە، واشنابینم هیچیان لە شەرعیەتی جیهادكردنیان دەرچووبن، چونكە هەردوو لایان دید، رێگە، ئاڵا و ئامانجیان ئیسلامییەو رۆشنە، هەردوولایان ئەهلی سوننە و جەماعەتن. ئەمیری هەردوولایان خوا بیانپارێزێت موسڵمانی خواناس و هیممەتبەرز و راستگۆن. من هیچ كۆمەڵێكی جیهادیی تەزعیف ناكەم".
د.سەید ئەحمەد كێیە؟
سەید ئەحمەد عەبدولوەھاب، لە ساڵی 1953 لە پێنجوێنی سەر بە سلێمانی لەدایکبووە.
- لە ساڵی 2006 بڕوانامەی ماستەری لە زانستی قورئان بەدەستھێناوە.
- لە ساڵی 2010 بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیامی قورئانی بەدەستھێناوە.
لە ساڵی 1977 ەوە تاوەكو ئێستا پێشنوێژ و گوتارخوێنی دەکات.
- ساڵی 1987 لە یەکێک لە مزگەوتەکانی بەغدا بەھۆی نزانەكردن بۆ سەددام حوسێن دووچاری راوەدوونان بووەتەوە.
- دوای رووخانی رژێمی سەددام، ئەندامی کۆمەڵەی نیشتمانی و لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بوو.
- ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ