رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پێداویستی بۆ نڤیشکانانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ماوەیەک لەمەوبەر شاندێکی نڤیشکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و کۆمەڵێک داواکارییان هەبوو، لەوانەش هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ نڤیشکانانی عێراق.
ئەوان لە رێگەی نووسراوێکیشەوە داوای دابینکردنی هەندێک کەلوپەل و پێداویستییان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق کە نووسراوەکەی داوەتە محەممەد شیاع سوودانی، رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دابینکردنی هەندێک پێداویستیی بە نڤیشکانان دا و دوێنێش بە دوو کاروان کەلوپەلەکان گەیشتنە شاری سلێمانی، بەڵێنی داوە هاوکاریی دیکەشیان بۆ دابین بکات.
سۆران عومەر دەڵێت، "دیارییەکەی سەرۆکوەزیران پارە نییە، بەڵکو کەلوپەل و پێداویستییە، کە بریتییە لە 500 گۆچانی نابینایان، 140 کورسی بۆ پەککەوتووان و 250 بیستۆک بۆ نابیستان."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی گوتی، ئەمڕۆ لەگەڵ رێکخراوەکانی نڤیشکان کۆدەبنەوە بۆئەوەی کەلوپەلەکان بەسەر نڤیشکانان دابەش بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ