وەزیری دارایی لەبارەی پرۆژەکەی گوێژە: پشتگیری پڕۆژەیەک ناکەین بەبێ رەزامەندی ئێمە کرابێت

05-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو شوێنە [ـی پرۆژەکەی گۆیژەی لەسەر بنیاد دەنرێت] موڵکی ئەوانە و پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەن کە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی کرابێت، یەکێک لە ئەندامانی دەستەی داکۆکی لە سرووشت و موڵکی سلێمانیش دەڵێت، سکاڵا تۆمار دەکەن.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شوان محەممەد و ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لە سرووشت و موڵکی سلێمانی کرد و هەڵوێستی وەزارەتەکەی لەبارەی ئەو کارانەی لە گردی گوێژە دەکرێت و ماوەیەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بووەتە رۆژەڤ، راگەیاند. 
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە کە رۆژی چوارشەممە 05-06-2024 بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و گرفتی ئەو پرۆژانە کرا کە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کراون."
 
وەزیری دارایی و ئابووری دەڵێت: "پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەین بەبێ رەزامەندی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت، لەوانە هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژە و ناوچەکانی دیکە کە بەبێ رەزامەندی و مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بێت، چ پرۆژەی نیشتەجێبوون بێت یان پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی بێت یان هەر پرۆژەیەکی دیکە."
 
شوان محەممەد، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە سرووشت و موڵکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی وەزیری دارایی باسی کرد ئەوەیە ئەو کارە پێشێلکارییە و ئەوانە بەبێ رەزامەندنی ئەوان دەکرێت."
 
شوان محەممەد ئاماژەی بەوەدا ئەوان لە داهاتوودا هەنگاوی دیکە دەنێن، چونکە ئێستا چوار گرد هەن کە ئەگەری تێکدانیان هەیە، رووبەرێکی فراوانیان هەیە و ژینگەی سلێمانی و کوردستان تێکدەدات، بۆیە لە هەنگاوی داهاتوو لە دادگە سکاڵا تۆمار دەکەن، ئەگەر پێویست بکات پەنا بۆ دادگەی فیدراڵیش دەبەن.
 
دەستەی داکۆکیکردن لە سرووشت و موڵکی سلێمانی لە 11 کەس پێکدێت و رۆژی 15ـی مانگی رابردوو دامەزراوە، بۆ بەرگریکردنە لەو کارانەی لە چیای گوێژە لە سلێمانی دەکرێت و بەشێکی لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیاوە کاری تێکدانیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێنە پڕۆژە.
 
جگە لەوەش دەستەی "گۆیژە بپارێزە" کە لە زیاتر لە 50 رێکخراو پێکدێت، دژی ئەو کارانە وەستاونەتەوە و داوایان کردووە کارەکانی گوێژە رابگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە