5 پێشمەرگەی زێرەڤانی لە سنووری ئامێدی شەهیدبوون

05-06-2021
زریان حاجی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هێرشێکدا 5 پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای مەتینی سنووری قەزای ئامێدی شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەش برینداربوون.
 
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای مەتین کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکە و 5 پێشمەرگەمان شەهیدبوون و چواری دیکەش بریندارن".
 
لەبارەی رووداوەکەوە میدیای پەکەکە رایدەگەیێنێت "هێزەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی زۆری سەربازییان بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە ئامێدی و مەتینا جووڵاندووە". هەروەها هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە بە میدیای پەکەکەیان راگەیاندووە، تەقەیان لەو هێزەی پارتی کردووە وەک هۆشدارییەک بۆ ئەوەی زیاتر نەیەنە پیش.
 
هەپەگە هەروەها لەبارەی جموجۆڵی سەربازی لەو ناوچانە دەڵێت "سوپای عێراق و پارتی پێکەوەن"، هۆشداریی دەدات و رایدەگەیێنیت: "داوا لەو هێزانە دەکەین خوێنی خوشک و برا نەڕێژن. بۆ ئەوەش بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان و هێزەکان دەکەین".
 
بەڵام عەمید دلێر زێباری، بەرپرسی لیوای یەکی پاسەوانیی سنوور رەتیدەکاتەوە هێزی عێراقی لەو شوێنە بن و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ هێزێکی پاسەوانی سنووری عێراق لەو سنوورە نین و لە شەڕەکەش بەشدار نەبوون".
 
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، بەپێی سەرچاوەیەک بۆ رووداو کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ، ئەو بۆردوومانە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە لە رێگەی ئەو مووشەکانەوە کراون کە بۆ زرێپۆش بەکار دەهێندرێن.
 
یەکێک لە شەهیدەکان ناوی هەژار سوبحی زیکرییە و لەدایکبووی 1986ـە و خەڵکی گوندی ئۆماری سەر بە پارێزگای دهۆکە. یەکێکی دیکە لە شەهیدەکان ناوی قاید رەشید ئیسماعیلە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری باجیرۆ کە 9 پێشمەرگەی تێدابووە، لەو کاتەی ویستوویانە بەرەو ئەو بنکانە بڕۆن کە پێش 4 مانگ لەو ناوچەیە دانراوە، سەرجەم ئەو پێشمەرگانەش لە هۆبەی ئەندازە بوونەو کاریان هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی بۆمبە.
 
لە ئەنجامی هێرشەکە 5 لەو پێشمەرگانە شەهید بوون، 4 پێشمەرگەش بە ناوەکانی رائید سالار حوسێن، نەقیب هێشوار ساڵح، هۆگر سادق و فارس میرۆ برینداربوون و هێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، بەپێی جۆری برینەکانیان رەوشی تەندروستیان جیاوازە، هەندێکیان ساچمەیان بەرکەوتووە و هەندێکیان سووتاون.
 
 

 یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ. وێنە: هونەر رەشید - رووداو

 یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ. وێنە: هونەر رەشید - رووداو

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە