رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان کرد و پابەندبوونی حکومەتی بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "تووندوتیژی دژی ژنان دواکەوتووییە و دژی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمانە".
رۆژی چوارشەمە 05-05-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی ئەو کۆبوونەوەیەی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادە بوون، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر رووداوەکانی تووندوتیژی دژی ژنان و تووندوتیژیی خێزانی بەگشتی، "گفتوگۆ دەربارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئەو دیاردە نەشیاوانە کرا".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "نیگەرانم لە زیادبوونی تووندوتیژی و دەستدرێژی بەرامبەر بە کچان و ژنان لە کوردستان، ئهمه دواکەوتووییە و دژی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمانە، بۆیە سوورین لهسەر ئەوەی كار بكهین بۆ كۆتاییهێنان بهم دیاردهیه".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "ئەمڕۆ گوێم لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ههرێم گرت دەربارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئەم دیاردەیه، وەکو برەودان بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ئامادهكردنی پرۆژهیاسا کە یەکسانی پێشدەخەن و لەئاست خواست و داواكاری و مافەکانی ئافرەتانە، هەروەها باشترکردنی دۆخی شێڵتهرهكان".
مەسرور بارزانی باسی لەوە کردووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا، میوانداریی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مهدهنی دەکات بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگاچارەکان و یهكخستنی ههوڵهكان "لەپێناو ئامانجی هاوبەشمان کە کوردستانێکی سەلامەتترە بۆ هەمووان".
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی بەگشتی و بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان دووپاتکردەوە لەڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە، دابینکردنی هەلی كار، جێبەجێکردنی یاساکان، بەهێزکردن و کاراترکردنی رۆڵی دادگەکان و دەستگیرکردن و بەسزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی تووندوتیژی ئەنجام دەدەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردە بۆ سنووردارکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان تاوتوێ کران. لەو رووەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن کرا هاوکاربن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی و پەرەپێدانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بگێڕن و نەبنە سەکۆیەک بۆ هاندانی تووندوتیژی و "زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان".
کوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەشی سووربوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت دادگەکان زیاتر کاری خۆیان بکەن بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەی ژن دەکوژن و نەهێڵن لە دەستی یاسا رزگاریان ببێت".
بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان گوتیشی "مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی گوتیان، دەبێت سازش لەسەر کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان نەکرێت و هەرچی زووە ئەو کەسانە دەستگیربکرێن کە بەشدارن لەو تاوانانەدا و خۆیان لە یاسا دزیوەتەوە و حەشاردراون".
کوردە عومەر، کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کردبوو، سەبارەت بە پێشنیازەکان بۆ رێگریکردن لە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و ئەو تووندوتیژییانەی ماوەیەکە زیادبوون، ئاماژەی بەوە کرد "پێشنیاز کرا بەزووترین کات یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی هەمواربکرێتەوە، هەروەها بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ پەلە بکرێت لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی لە کوشتنی ژنان تێوەگلاون و شوێنیان نادیارە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری. جگە لەوەش باس لەوە کرا دەبێت میدیا هاوکاربێت و هاندەر نەبێت بۆ کوشتن و خۆکوشتن".
سەبارەت بە ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ناوبراو گوتی، ئەمساڵ پێنج ژن کوژراون کە بەراورد بە ساڵی 2020 ژمارەکە کەمیکردووە، بەڵام خۆکوشتن زیادیکردووە.


.png&w=3840&q=75)
