رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، بەهۆی ناسەقامگیریی کەشوهەوا هەندێک شوێن مەترسیی داڕمانیان لەسەرە، بۆیە زۆر پێویست نەبێت، با هاونیشتمانییان هاتووچۆ نەکەن.
ڕۆژی شەممە، 5ـی نیسانی 2025، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، تاوەکو شەپۆلی باران و تەرزە بەردەوام بێت، کەلوپەلەکانیان بپارێزن و زۆر پێویستیش نەبێت نەچنە دەرەوە و هاتووچۆ نەکەن."
ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران و تەرزە باری، بەڵام لە سۆران بۆ یەکەمجار بە شێوەی تۆپەڵی گەورە تەرزە باری و زیانی زۆری مادیی بە هاووڵاتییان گەیاند و پێنج کەسیش بەوهۆیەوە سەریان شکا.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، "هەندێک ناوچە لە ئیدارەی سۆران هەیە، مەترسیی داڕمانیان لەسەرە، وەکو گەلیی رێگەی بێخاڵ، ناوچەی مێرگەسۆر، رێگەی هامڵتۆن و ناوچە شاخاوییەکان، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو، هاتووچۆ نەکەن بەتایبەتی لەم رێگەیانە."
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران لە راگەیێندراوێکدا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، "شەپۆلی باران و تەرزە کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری هەیە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆیە تەواوی هێزەکانمان لە ئامادەیی تەواودان، بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی لەناکاو."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە هەموو هاووڵاتییان کەلوپەلەکانیان و رووناکیی (رۆشنای) ماڵەکانیان داپۆشن، شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە گەراج یان خود دایپۆشن بە کەلوپەلی پێویست، بۆ ئەوەی دووچاری زیانی مادی نەبن."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوتبوو، لە زۆربەی ناوچەکان تەرزە باریوە، بەڵام لە سۆران بۆ یەکەمجار بە شێوەی تۆپەڵی گەورە باری، کە زیانی زۆری گەیاندووە، ئەم شەپۆلی تەرزە و بارانە تاوەکو نزیک کاژێر 12:00ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.
محەممەد کەمال دەڵێت، "سبەی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمان پەڵەهەور دەبێت، پلەی گەرما 5 بۆ 6 پلە بەرزدەبێتەوە و کەشوهەوا کەمێک گەرم دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ