عێراق بۆریی نەوتی کەرکووک- تورکیای تاقیکردووەتەوە

05-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ ئەو بۆرییە کرد کە بڕیارە نەوتی پارێزگای کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بگوازێتەوە، لە ماوەکانی کەمی داهاتووشدا تاقیکردنەوەی دوومیش دەکات و بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوودا نەوتی پێ هەناردە بکرێت.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەم هەفتەیە عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ بۆرییەکە کردووە، تاقیکردنەوەکەش لە رێگەی وێستگەکانی پاڵپێوەنانەوە بووە لەو سێ وێستگەیەی لەسەر بۆرییەکە هەیە.
 
سێ وێستگەکەی بۆرییەکە یەکێکیان لە کەرکووکە، دووانەکەی دیکەش لە بێجی و مووسڵن.
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "بڕیارە بەمنزیکانە تاقیکردنەوەی دووەم لە رێگەی بەکارهێنانی گازەوە بکرێت."
 
بۆرییەکە کە ئێستا 100٪ چاککراوەتەوە، لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا بەبێ کێشە بووە، بڕیارە لە قۆناخی دووەمدا تاقیکردنەوەکە بە تەواوی و پشکنینی کۆتایی بۆ بکرێت پێش ئەوەی نەوتی پێدا هەناردە بکرێت.
 
سەرچاوە ئاگادارەکەی وەزارەتی نەوت باسی لە کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتەکە کرد کە لەم هەفتەیە بۆ ئەو مەبەستە کراوە و باسی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکی تێدا بۆ تورکیا کراوە.
 
رۆژی 25ـی ئادار تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردەوە، زیاتر لە سێ مانگ دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی چەند تیمێکی هونەرییەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانە، کە نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە.
 
بۆرییەکە لەساڵی 2014 و دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر مووسڵ راوەستا، بەتایبەت دوای ئەو کێشە و کونانەی لە بۆرییەکەدا دروستکران.
 
بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان، لە دوو بۆریی 40 و 46 ئینجی پێکدێت لەساڵی 1977 و 1978 بەدوای یەکدا کراونەتەوە، پێشتر بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی پێ هەناردە دەکرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2003ـیەوە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە بووەوە.
 
بۆرییەکە نزیکەی 970 کیلۆمەتر درێژ دەبێت، بەشی زۆری بۆرییەکە کە نزیکەی 660 کیلۆمەتر دەبێت دەکەوێتە نێو خاکی تورکیا، نزیکەی 310 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
بۆرییەکە نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بەرەو پارێزگای نەینەوا و لەوێوە بەرەو پارێزگای دهۆک دەگوێزێتەوە و پاشان دەچێتە بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان. 
 
لە 25ـی ئادارى 2023ـوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
 
جگە لە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بۆریی نەوتی کوردستان بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیشی پێ دەگوێزرایەوە، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی یانەی نێوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی ئەویش هاوشێوەی نەوتی کوردستان راگیرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە