لایەنەکان داوای پۆست لە نوێنەرایەتییەکانی حکومەت دەکەن

06-04-2015
سەهین موفتی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سێ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکەی پێشترو بەشدار لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئێستای باشووری کوردستان، گلەیی لە پارتی و یەکێتی دەکەن بەوەی تاوەکو ئێستا نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە تەنیا لەلایەن ئەندامانی ئەو دوو حیزبەوە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە چیدی رازی نین بەو شێوەی کە هەیە، ئەوان بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن داوا دەکەن، پشکی نوێنەرایەتییەکانیان بەربکەوێت.

کۆمەڵی ئیسلامی تاوەکو ئێستا تەنها یەک ئەندامی حیزبەکەی لە یەکێک لە نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کاردایە، ئەویش لە تارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوحیزبەش داوا دەکات بەپێی ئەو رێککەوتننانەی لە نێوان خۆیان و پارتیدا هەبووە کە پێشتر لە کاتی دانوستاندنەکان ئەنجامیانداوە، پشکی خۆیان بەربکەوێت.

بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە لە حکومەتە بنکە فراوانەکەدا تاوەکو ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان پشکەکانی خۆی وەرنەگرتووە، چجای پۆستی نوێنەرایەتییەکان لە وڵاتانی دەرەوە، بزووتنەوەکە داوا دەکات بەپێی ئەو 24 کورسییە پەرلەمانییەی کە هەیەتی نەک تەنها لە نوێنەرایەتیییەکانی دەرەوە، بەڵکو لە دەستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش پشکی خۆی بەربکەوێت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە سەرپەرشتی نوێنەرایەتییەکان دەکات، دەڵێت هەموو پارتە براوەکانی هەڵبژاردن مافی خۆیانە لەو بەشە دیپلۆماسییەی حکومەتیش پشکی خۆیان بەرکەوێت، بەڵام ئەوە بۆ بڕیاردانی لیژنەی دانوستاندنی پێنج لایەنەکە دەگەڕێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی پێنج پارتە براوەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و چەندین پرسی هەڵواسراوی نێوانیان یەکلایی بکاتەوە، بەتایبەتیش پرسی دەستوورو لەبەرچاوگرتنی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لە حکومەتی بنکە فراواندا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە