ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن: هەولێر 34 کورسی و سلێمانی 38 کورسییان دەبێت

05-03-2024
شیراز رەئوف
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بە گوێرەی دابەشکاریی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، زۆرترین کورسی بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت کە 38 کورسین و دواتر هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجەش 3 کورسییان بەردەکەوێت.
 
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران خشتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسندکرد و بەپێی ئەو خشتەیەش قۆناخ بە قۆناخ ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بەڕێوەدەچن تاوەکو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە".
 
ئامانج عەزیز گوتیشی، "لە سەرەتای مانگی شوباتەوە تاوەکو دوێنێ 29 هەزار دەنگدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە تۆماری بایۆمەتری ناویان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش 15 هەزار دەنگدەریان لەدایکبووی ساڵی 2006ن، واتە بۆ یەکەمجارە بەشداری دەنگدان دەکەن".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 75٪ی دەنگدەران لە تۆماری بایۆمەترییدا تۆمارکراون.
 
 
رۆژی 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە و 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی نەهێشت و رایگەیاند، نابێ کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100کورسی زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 بازنە کەمتر بن.
 
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەپێی بڕیارەکە، هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن و هەر بازنەیەکیش لەلایەن ئۆفیسی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکەی خۆی سەرپەرشتی دەکرێت".
 
تاوەکو ئێستا ئۆفیسی کۆمیسیۆن لە پارێزگای هەڵەبجە نییە و هیچ بڕیارێکیش بۆ کردنەوەی نییە. لەوبارەیەوە، ئامانج عەزیز گوتی، "ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگاکەدا دەکات".
 
لەبارەی ژمارەی کورسییەکانی پارێزگاکانیش لە پەرلەمانی کوردستان، ئامانج عەزیز گوتی، بە گوێرەی پەیڕەوی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان کە لە بەشی دووەمی مادەی 2 هاتووە، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان 100 کورسی دەبێت و ئەوانیش دابەشکراون بەسەر هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردندا و بەپێی ئەو دابەشکارییەش پارێزگای هەولێر 34 کورسی بەردەکەوێت، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی.
 
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانى هه‌رێمی بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد کە رۆژى 10-6-2024ـە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە