رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند "یەکگرتوو پڕۆژەیەکی هەیە بۆ کۆکردنەوەی هێزە ناڕازییەکان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و دەمانەوێت بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دروست بکەین."
هێمن ئەسکەندەر، بە رووداوی راگەیاند "یەکگرتوو تێڕوانینێکی سیاسیی هەیە و بەرنامەیەکی هەڵبژاردنیشی هەیە، هەر هێز و پێکهاتەیەک باوەڕی بەو تێڕوانین و بەرنامە هەڵبژاردنە، هەبێت، دەکرێت هاوپەیمانی بین، ئێمە هاوپەیمانێتییەکی ئایینی دروست ناکەین، بەڵکو هاوپەیمانێتییەکە سیاسییە."
دوای فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و لە ئەمڕۆ (سێشەممە، 5ـی ئاداری 2024)ـەوە دەستیکردووە بە تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردن، هێز و لایەنە سیاسییەکانیش ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە بۆ هەڵبژاردنەکە و خۆتۆمارکردنیان لە کۆمیسیۆنی عێراق.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ، بە رووداوی راگەیاند "یەکگرتووی ئیسلامی دەمێکە لیستی بەربژێرانی ئامادەکردووە، بەرلەوەی سیستمی هەڵبژاردن ببێتە فرەبازنەیی، لیستەکەمان ئامادەکردبوو." گوتیشی "لیستی بەربژێرانمان لەگەڵ چوار بازنەی هەڵبژاردن دەگونجێنین و هەوڵمانداوە بەربژێران لە گشت چین و توێژەکان بن، چونکە پەرلەمان نوێنەری گشت چین و توێژەکانە."
بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی لە رێگەی رووداوەوە پڕۆژەیەکی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات و، دەڵێت "مەرج نییە بەربژێرانمان یەکگرتوو بن، پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ کۆکردنەوەی هێزە ناڕازییەکان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بوون، بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی حکومەت راست بکەینەوە و هیوا بۆ خەڵکی کوردستان بگێڕینەوە و دەمانەوێت بە خەڵک بڵێین تاکە رێگەی راستکردنەوەی هەڵەکانی حکومەت، سندووقەکانی دەنگدانە."
رۆژی چوارشەممە 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەمکردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 کەمتربن. دوای بڕیارەکە گوتەبێژی یەکگرتوو ئامادەیی حیزبەکەی نیشاندا بۆ هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ پێکهاتەکان. بەرپرسی دەزگەی هەڵبژاردنی یەکگرتوو لەسەر خواستی پارتەکەیان بۆ هاوپەیمانێتیکردن روونکردنەوەی زیاتری بۆ رووداو دا و رایگەیاند "پێشتر گوتەبێژی یەکگرتوو رایگەیاندووە، دەرگامان بۆ پێکهاتەکانیش واڵایە کە کورسیی کۆتایان نەماوە، یەکگرتوو تێڕوانینێکی سیاسیی هەیە و بەرنامەیەکی هەڵبژاردنی هەیە، ئەوانەی دەبنە هاوپەیمانی یەکگرتوو، دەبێت تێڕوانین و بەرنامەی سیاسییان لەگەڵ یەکگرتوو هاوبەش بن و بڕوایان پێی هەبێت."
گوتیشی "ئێمە هێزی سیاسین و پێکهاتەکانیش هێزی سیاسین، ئەگەر بیانەوێت هاوپەیمانی بکەین، ئاساییە و دەکرێت و بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن دەبینە هاوپەیمان، لە رابردوودا لەگەڵ زەحمەتکێشان و سۆسیالیست هاوپەیمانیمان کردووە، کە ئەوان چەپن و ئێمە ئیسلامین، ئێمە شەڕی پەرلەمان دەکەین، کە دامەزراوەیەکە هی هەموومانە، ئێمە هاوپەیمانییەکی ئایینی دروست ناکەین، تاوەکو هێزەکانی دیکە جێگەیان نەبێتەوە، بۆ هەڵبژاردن بەرنامەی هەڵبژاردن کۆماندەکاتەوە، یەکگرتوو رێز لە هەموو پێکهاتە و دامەزراوە ئایینییەکانی دیکە دەگرێت، کێشەکانی هەرێمی کوردستان ئەوە نییە بمانەوێت شەڕی کوفر و ئیمان لەگەڵ یەکتر بکەین، بەڵکو شەڕی چاکسازی و گەندەڵی و خزمەتگوزاری دەکەین، کە لەوەدا هەموومان یەک دەگرینەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ