6000 ئۆتۆمبێلی علوج، تەسدیر و تۆزوبا لە دەڤەری سۆرانن

05-03-2019
مەهدی محەممەد رواندزی
نیشانەکردن ئۆتۆمبێل سۆران
A+ A-

رووداو-سۆران

بەرپرسێكی هاتوچۆی سۆران ئاشكرای دەكات نزیكەی 6000 ئۆتۆمبێل لە دەڤەری سۆران هەن كە تابلۆی فەرمییان نییە، ئەو ئۆتۆمبێلانە كە بە "علوج" یان "تۆزوبا" ناسراون، بە ژمارەی كاتیی جۆراوجۆرەوە دەسوڕێنەوە. 


لە سۆران زوو زوو چاوت بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەكەوێ‌، بە تایبەتی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی لەسەریان نووسراوە: تەسدیر كوێت و تەسدیر ئیمارات. خاوەنی پێشانگایەكیش دەڵێت هەندێك لەو تابلۆیانە تەزویرن و لەلای جوانكارییەكانی ئۆتۆمبێل دروست دەكرێن.
رائید دلاوەر لەتیف، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی هاتوچۆی سۆران، باسی شەش جۆر ئۆتۆمبێل دەكات كە تابلۆی هەمیشەییان نییە: یەكەم ئەوانەن كە تابلۆی پارێزگاكانی عێراقیان هەیە و بە ژمارەی كاتی ناویان دەركردووە، بە بەراورد بە جۆرەكانی دیكە كەمتر كێشەیان هەیە.

 جۆری دووەم داخل دەبن، بەڵام تابلۆی هەمیشەیی پارێزگاكانی جنوب و ناوەڕاستی عێراقیان پێ نادرێ و ئەوانیش پێیاندەگوترێ  ژمارە كاتی. جۆری سێیەم ژمارە كاتییەكانی هەرێمن، بە فەرمی لە دەروازەكان داخڵ كراون، بەڵام تابلۆكەیان لە كاتییەوە نەكراوە بە هەمیشەیی. جۆری چوارەم پێیاندەگوترێ تەسدیر، ئەوانە بە هەڕەمەكی دەهێنرێنە عێراق و پاشان كوردستان. 

جۆری پێنجەم تابلۆ ئەوروپین و لە رێگای كوردی تاراوگەوە دەهێنرێنە كوردستان. جۆری شەشەمیان كە بە لای رائید دلاوەرەوە ترسناكترین جۆرن، ئەوانەن كە هیچ ئەوەلیات و تابلۆیەكیان نییە و پێیاندەگوترێ‌ "علوج".

تاوەكو ساڵی 2016 حكومەت كارتی بۆ ئەو ئۆتۆمبیلانە دەكرد كە تابلۆی هەمیشەیی شارەكانی عێراقیان هەبوو یان ژمارە كاتی بوون. وەزارەتی ناوخۆ تا ئێستا چەند جارێك رێنمایی بۆ چارەسەری كێشەی تابلۆی ئەو شەش جۆرە ئۆتۆمبێلە دەركردووە. دوایینیان رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2017 بوو، بەڵام رائید دلاوەر دەڵێت :"خاوەنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە بیانووی ئەوەی كرێ‌ و رسوماتی بەناوكردن و پێدانی تابلۆ زۆرە، گوێیان بە رێنماییەكە نەدا".

بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی هاتوچۆی سۆران، ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە كێشەی زۆری بۆ هاتوچۆ و هاووڵاتیان و تەنانەت خاوەنەكانیشیان دروستكردووە :"چونكە ئەوانەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لێدەخوڕن لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە هەست بە نەقس دەكەن و ئەمەش پاڵنەر دەبێ‌ بۆ سەرپێچی و هەڵەكردن".

ئەگەرچی بەردەوام ئیجرائات بەرامبەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەكرێ‌، بەڵام ژمارەیان لە دەڤەری سۆران هێندە زۆر بووە، كۆنترۆڵكردنیان زەحمەت بووە. رائید دلاوەر دەڵێت: "ساڵی رابردوو ئیجرائاتمان بەرامبەر بە 150 ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە كردووە".

بۆ كۆنترۆڵكردنی كڕین و فرۆشتن بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە، ساڵی رابردوو چەند پێشانگایەك داخران، بەڵام ئێستا لە پێنج پێشەنگا كڕین و فرۆشتن بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەكرێ‌. رائید دلاوەر دەڵێت: "هەر پێشانگایەكی كڕین و فرۆشتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەبێ‌، نایاساییە".

عەبدوڵڵا مەلەكی، خاوەن پێشانگای رێگا كە بازرگانی بەو شەش جۆرە ئۆتۆمبێلە دەكات لە سۆران، دەڵێت: "كڕین و فرۆشتن لەگەڵ كەسە ناسراوەكانی خۆمان نەبێ‌ نایكەین، چەندین جار خەڵكی دەرەوەی شاری سۆران هاتوون كارمان لەگەڵ نەكردوون".

عەبدوڵڵا رەتیكردەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكەن كێشەیان هەبێ‌ و دەڵێت "ئێمە بە بەرپرسیارییەوە كارەكانی خۆمان دەكەین، هەر ئۆتۆمبێلێك ئەوەلیاتی نەبوو، مانای ئەوە نییە دزراو بێ، ئەوەتا ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2007 تاوەكو 2014 لە نێو پێشانگاكەی من كرین و فرۆشتنی پێ دەكرێ و گشتیان بێ ژمارەن یان تەسدیرن، بەڵام هەموویان مەنەفێستیان هەیە".

ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پێشانگاكەی عەبدوڵڵان، نرخەكانیان لە 5000 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 10 هەزار دۆلار. عەبدوڵڵا پێیوایە پیشانگاكەی بووەتە فریادڕەسی هەژاران. ئەو دەڵێت "خەڵك هەیە زێڕی هاوژینەكەی فرۆشتووە، هاتووە لێرە ئۆتۆمبێلێكی بە 1500 دۆلار بردووە و ئەوەی دیكەشم بۆ كردووە بە قیست. ئەوانەی دێنە لای ئێمە كەمدەرامەتن، پێشمەرگە و پۆلیسن".

بەهۆی ئەو رێوشوێنە توندەی لە شارە گەورەكان بەرامبەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەیە، زۆربەیان ناتوانن بچن بۆ شارە گەورەكان، بەڵام بە گوتەی خاوەن پێشەنگاكان هەندێك لەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە وێنەی سەركردەكان یان لۆگۆی حیزبی لە جامی ئۆتۆمبێلەكانیان دەدەن، بەو هۆیەوە خۆیان لە بازگەكان دەرباز دەكەن.

سەرچاوەی هاتنە ژوورەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەكو هەندێ لە خاوەن پێشانگاكان باسی دەكەن، لە هێڵی تەماسی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراق داخیل دەبن، لەگەڵ ناوچەكانی رەبیعە، فیشخابوور، بەرتلە و چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكە.

لە قەزا و ناحیەكان بە تایبەتی لە دەڤەری سۆران و راپەڕین، جگە لە تاكسی، ئۆتۆمبێلی تایبەتیش كاری گواستنەوەی نەفەر دەكەن. زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتانەش لەو شەش جۆرەن كە زۆرجار كێشەیان بۆ سەرنشینان دروستكردووە.

گەنجێكی دانیشتووی سۆران كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، باس لە رووداوێك دەكات كە بەسەر كچە خاڵەكەیدا هاتووە و دەڵێت: "رۆژێك كچە خاڵەكەم لەگەڵ یەكێك لە ئۆتۆمبێلە ژمارە تەسدیرەكان سەردەكەوێت، شۆفێرەكە كە كوڕە گەنجێك بووە، داوای پەیوەندی لێكردبوو، ئەویش زۆر قسەی پێگوتبوو، پاشان لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزیبوو. كچە خاڵەكەم ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی لای خۆی نووسیبوو، بەڵام هەرچەند گەڕاین نەماندۆزییەوە، تاوەكو رۆژێك كچە خاڵەكەم لەنێو بازاڕ گەنجەكەی ناسیبووەوە، ئەو كات بۆمان دەركەوت شۆفێرە گەنجەكە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕیبوو، لەنێو ئۆتۆمبێلەكەشی 4 ژمارەی دیكەی تێدابوو".

كامەران عەبدوڵڵا مەلەكی كە هاوكاریی باوكی دەكات لە پێشانگاكە دەڵێت "لە كەمالیاتەكاندا ژمارەی زۆر جوان هەن، گەنجان هەر بۆ خۆشی ژمارەی ئۆتۆمبیلەكانیان دەگۆڕن، بە تایبەت ئەوانەی تەسدیرن، شۆفێر هەیە ژمارەی موبایل و ئۆتۆمبێلەكەی یەك رەقەمە، ئێستا لە كەمالیاتەكان دەتوانی بچیت جوانترین ژمارە بۆ خۆت هەڵبژێری و لە ئۆتۆمبێلەكەتی ببەستی". 

هەروەها دەڵێت: "شوفێر هەبووە لەبەر ئەوەی سەرپێچی زۆری بە ئۆتۆمبێلەكە كردووە، ژمارەكەی لێكردووەتەوە و ژمارەیەكی كاتی بەستووە، لە بازاڕ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە نرخێكی هەرزانتر دەفرۆشرێن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە