حکومەت: بۆ زامنکردنی مووچەکانی 2025، هەموو پێشنیازەکانمان پەسندکردن

05-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆیدا جگە لە هەمووارکردنەوەی یاسای بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت، باسی مووچەی هەر 12 مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانی کرد.
 
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بوو.
  
"پێشنیازەکان بۆ زامنکردنی مووچەی ساڵی 2025، پەسندکران"
 
پاش چەندین رۆژ لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و دارایی عێراق، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دووشەممە (3-2-2025) لە بەغداوە رێککەوتنی لەسەر مووچە راگەیاند و، گوتی"ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنین، لەئەنجامی گفتوگۆیەکی دوورودرێژ کە کۆتاجاری، ماوەی 10 رۆژی لە هەولێر و پێنج رۆژ لە بەغدا بوو، بە خێر شکایەوە و توانیمان رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکەین لەسەر کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و گەیشتینە ئەنجامێک کە بۆ ساڵی 2025، مووچەی مووچەخۆران بەبێ گرفت خەرج بکرێت."
 
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاوات شێخ جەناب و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، راپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
 
"لەپێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم رێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ رێکخستنەوەی باری دارایی، داهات، خەرجییەکان، میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لەبەر رۆشنایی دواڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم." ئەمە وەک لە راگەیێندراوکەدا هاتووە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە "بڕیاری پەسندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە دا خرانەڕوو، لەپێناو زامنکردنی مووچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2025 و، نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویێکی تەکنیکی بۆ رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە."
 
بەئەلیکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچە
 
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی لەبارەی پرۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە وەک حکومەت دەڵێ "بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاریی باشی کردووە و کاریگەریی بەرچاوی هەبووە."
 
'هەناردەی نەوت لەلایەن سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدراڵی'
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەبارەی رێکارەکانی جێبەجێکردنی هەموواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە ماددەی 12ـی یاساکە، کە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەمووارکردنەوەی یاساکە دەکات و، "بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی راگرتنییەوە، زیانێکی زۆر بە بودجەی گشتی کەوتووە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی راسپارد، "لەپەیوەندیی بەردەوام دا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی هەرێم (ـی کوردستان)، تاوەکو لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سۆمۆوە دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدراڵی."
 
"وەزارەتی دارایی بەشی گەنجینەی فیدراڵی بۆ مانگی کانوونی دووەم بنێرێت"
 
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا. 
 
لە کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 بۆ سەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چەند رۆژی داهاتوو دا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە