رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایدەگەیێنێت، تەرمی ئەیوب، ئەو مێرمنداڵەی نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بێسەروشوێن بوو، دۆزرایەوە. دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-02-2023، پۆلیسی هەولێر لە دۆزینەوەی تەرمێک لە نزیک کەسنەزان ئاگادارکراوەتەوە. عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە ئەیوبە.
لەبارەی هۆکار و شێوازی گیانلەدەستدانی ئەیوب، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی، تاوەکو ئێستا نازانرێت خنکاوە یان خنکێندراوە، تەرمەکەی دەبرێتە دادپزیشکی هەولێر و ئەوان ئەوە یەکلادەکەنەوە.
هاوکات ئەحمەد سەعدوڵڵا، باوکی ئەیوب قسەی بۆ رووداو کرد و بە گریانەوە گوتی، "دڵنیام ئەوە تەرمی ئەیوبی کوڕمە، پشتم شکا. کەس نازانێت چۆن گەیشتووەتە ئێرە. ئەوە منداڵی خۆم بووە."
ئەیوب ئەحمەد لە رۆژی 24ـی مانگی رابردوو لە ماڵ چووە دەرەوە و نەگەڕایەوە. دوای 13 رۆژ لە گەڕانی بەردەوام، ئەمڕۆ یەكشەممە تەرمەکەی دۆزرایەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە بەردەم دادپزیشکیی شارەکە گوتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە لەسەر هێڵ بووە، داوای دەکرد هەرچی پێویست بێت بۆیان بکرێت. دەشڵێت، رووداوەکە هیچ هۆکارێکی لەپشتەوە نییە و "قەزا و قەدەر بووە".
پارێزگاری هەولێر باس لەوە دەکات، ئەو خێزانە خەڵکی بناری چیای زەردکن لە سنووری پارێزگای نەینەوا، چەند ساڵێکە لە هەولێر دەژین و هیچ کێشە و گرفتێکیان نەبووە. گوتیشی، "هەموو خەڵکی هەولێر بەو رووداوە خەمبارە."
باوکی ئەیوب بڕیاری داوە تەرمی کوڕەکەی بباتەوە زێدی خۆیان و لەوێ بە خاکی بسپێرن. ئەحمەد سەعدوڵڵا گوتی، "سوپاسی" سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ پارێزگاری هەولێر، بەرگریی شارستانی، ئاسایش و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە لە سەرەتاوە هەوڵی زۆریان دا بۆ زانینی چارەنووسی کوڕەکەی.
شاهێدحاڵێکی رووداوەکە لە شوێنی دۆزینەوەی تەرمەکە بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداوی گوت، "وەک ئەوە وابوو خەوی لێکەوتبێت، هیچ شێوانێک بە تەرمەکەیەوە دیار نەبوو، تەنیا کەمێک ورگی ئەستوور ببوو."
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی ئەیوب دەڵێت، 13 رۆژە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، یەکەىK9ـى وەزارەتى پێشمەرگە، تیمی فڕۆکەوانی و پۆلیسى ناوچەکە لە هەوڵی بەردەوامدان و، دواجار هاونیشتمانییەک تەرمەکەی دۆزییەوە و پۆلی لێ ئاگادارکردووەتەوە. دەشڵێت، دوای پشکنینی پزیکشی، تەرمی ئەیوب بە کەسوکارەکەی دەدرێتەوە.


.png&w=3840&q=75)