کچێکی کوردی ئێزدی دوای رزگاربوونی چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە

دوێنێ کاژێر 01:06
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
سیلڤانا بە کەسوکاری شادبووەوە
سیلڤانا بە کەسوکاری شادبووەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە رشتنی فرمێسکی خەم و خۆشی، کچە کوردێکی دیکەی ئێزدی دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعش، بە کەسوکاری شادبووەوە.
 
سیلڤانای تەمەن 30 ساڵ، کچە ئێزدییە رزگارکراوەکەیە؛ ئەمڕۆ بە بێدەنگی و چاوی پڕ لە فرمێسک، سەرجەم ئەو کەسوکارانەی لە ئامێزکرد، کە بۆ پێشوازیی ئامادەبوون.
 
ئەو کچە ئێزدییە لە ساڵی 2014 لەگەڵ ھەموو ماڵباتاکەی کەوتبووە دەستی داعش. خۆی و 5 خوشکی رزگارکراون، تەرمی دوو برا و باوکی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە و دایکی و برایەکیشی تائێستا بێسەروشوێنن.
 
سیلڤانا لە باوەشی رەعدی ئامۆزای بوو کاتێک قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی "دەمویست ئازاد بم، بگەڕێمەوە نێو کەسوکارەکەم، بەڵام هیچ زانیارییەکم نەبوو کە چییان بەسەر هاتووە، بەڕاستی زۆر سەخت بوو."
 
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەدواداچوونمان کرد و ماوەیەک بوو شوێنی ئەو کچەمان دەزانی، توانیمان رزگاری بکەین و ئەمڕۆ بە کەسوکاری شادبووەوە." 
 
سیلڤانا خەڵکی گوندی کۆچۆیە لە باشووری شنگال، لە رۆژی 7ـی مانگی رابردوو لە شاری ئیدلبی سووریاوە رزگارکراوە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5-1-2025) بە کەسوکاری شادبووەوە.
 
دوای ئەوەی چەکدارانی داعش رفاندوویانە، وەک خۆی باسی دەکات، پێی گوتوون "نەخۆشم، بمبەنەوە لای کەسوکارم. بەڵام ئێمەیان بردە تەلەعفەر و دوای سێ مانگ ویستمان خۆمان رزگار بکەین، ئەوان هەستیان کرد و بردیانین بۆ رەققە (لە سووریا) لە هۆڵێکی گەورەیان دایانناین و هەموو خوشکەکان و براژنەکانی منیان بردە شوێنێکی دیکە؛ من لە رەققە مامەوە." 
 
لە 15ـی ئابی 2014، کارەساتێکی گەورە بەسەر خەڵکی گوندی کۆچۆ دا داهات، سەرەڕای کوشتنی زیاتر لە 400 پیاوی گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعش هەر لەنێو قوتابخانەی گوندی کۆچۆ، زیاتر لە 700 کچ و ژنیشیان رفاندن کە، تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆریان بێسەروشوێنن.
 
سیلڤانا و خوشکەکانی دوای مەینەتیی زۆر، رزگارکراون. ئەو بە رووداوی گوت، "زۆر، زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوەم بۆ نێو کەسوکارم."
 
دەقی هەڤپەیڤینی سیلڤانا خدر لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: باسی ژیانی خۆتم بۆ بکە لەو کاتەی لەژێر دەستی داعش بوویت؟
 
سیلڤانا خدر: دوای ئازاد بوونم ویستم بێمە لای کەسوکارەکانم و بیانبینم، چونکە هیچ زانیارییەکم لەبارەی ئەوانەوە نەبوو. کەسم نەبوو بەڕاستی زۆر سەخت بوو. 
 
رووداو: ئەو رۆژەی کەوتیتە دەست داعش تاوەکو ئێستا چۆن ژیانت بەڕێدەکرد؟ 
 
سیلڤانا خدر: ساڵی 2014ـ؟
 
رووداو: کە تۆیان رفاند بەرەو کوێ گواسترایەوە؟ 
 
سیلڤانا خدر: ئێمەیان لە گوندی کۆجۆ هێشتەوە گوتیان دەتانگوازینەوە سەر چیا. سەرەتا دایک، باوک و برامیان برد. من و خوشکمیان رەوانەی قوتابخانەی سۆلاخ کرد. شەو ئێمەیان جیاکردەوە و منیان بردە موسڵ و لەنێو هۆڵێکدا ماینەوە. دواتر منیان گەڕاندەوە تەلەعفەر. پێمگوتن من نەخۆشم بمگەڕێننەوە ناو کەسوکارم. بەڵام منیان گواستەوە تەلەعفەر. دوای سێ مانگ چەند جار هەوڵماندا خۆمان لەوێ رزگار بکەین، هەستیان پێکردین. دوای چەند رۆژێک چەند پاسێکیان هێنا ئێمەیان بردە رەققە. لە رەققە لەناو هۆڵێکی گەورە ماینەوە. هەموو خوشک و براژنم و کەسوکارەکانمیان برد بە تەنیا لە رەققە جێیانهێشتم. دواتر کەسێک هاتە لام و پرسیاری لێکردم لەگەڵی بمێنمەوە. گوتم ئەگەر خێزانت هەیە دێم بۆ ئەوەی هاوکاری ماڵباتەکەت بکەم. لەوێ نزیکەی دوو ساڵ نیشتەجێ بووم. 
 
رووداو: هەستت چۆنە ئێستا گەڕایتەوە؟ 
 
سیلڤانا خدر: زۆر دڵخۆشم، زۆر زۆر دڵخۆشم زۆر دڵخۆشم زۆر..
 
رووداو: زانیاریت لەبارەی کەسوکارەکەت هەیە چەند کەسیان کوژراون چەندیان لە ژیاندان؟ زانیاریت هەبوو یان ئێستا زانیووتە؟
 
سیلڤانا خدر: نەخێر زانیاریم نەبوو، بەڵام بەردەوام پرسیارم دەکرد کامیان لە ژیان ماون لە خوشک و براکانم. جارێکیان پێیانگوتم، کەسیان لە ژیان نەماون. تەنیا ئەم خوشکەم ماوە و ئەوانی دیکەش نازانم چارەنووسیان چی بەسەر هاتووە. 
 
رووداو: سوپاس دووبارە بەخێربێیتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.