رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو وێنانەی رووداو گرتوویەتی، ئەمڕۆش دووکەڵێکی رەش زۆرینەی ئاسمانی شاری هەولێری گرتووەتەوە. بەڕێوەبەری ژینگە دەڵێت، ئەم ساڵ بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە پلانی نوێیان دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-01-2025، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکارەکانمان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر بەردەوامە و بۆ ئەم ساڵ پلانی نوێ و جیاوازمان دەبێت".
هیرانی گوتی، تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، 54 پاڵاوگەی نایاساییان لە هەولێر و دەروروبەری داخستووە و خاوەنی 20 پاڵاوگەیان دەستگیرکردووە و هەڵمەتەکەشیان بەردەوامە.

یەکێکی دیکە لە رێکارەکان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر سزادانی خاوەنی ئەو موەلیدانەیە، کە موەلیدەکانیان دووکەڵی رەش دەکەن.
رۆژی 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ژمارەیەک پاڵاوگە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون داخران."
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت: "ئەو پاڵاوگانە زیانێکی زۆریان بۆ ژینگە، هەوا، خاک و ئاوی ژێر زەوی هەیە، بۆیە بڕیاری داخستنیان دراوە".

بەگوێرەی ئاماری پارێزگای هەولێر، 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوەکەی پێنجشەممەی رابردوودا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو پاڵاوگانەی داخراون بە دانانی پاڵاوگەی دووەم لە نێو پاڵاوگەکانی خۆیان، جۆرە گازوایلێکی کوالێتی نزم بەرهەمدەهێنن و لەکاتی بەرهەمهێنانیدا جۆرە گازێکی ژەهراوی دەخاتە ژینگەوە کە زۆر زیانبەخشە".
سەرەتای نیسانی ئەم ساڵ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاڵاوگەی نایاساییەکان دادەخەن، بەڵام 12ـی هەمان مانگ رایگەیاند: "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار. بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت".


