رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی قامشلوی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، منداڵەکەی نەخۆشییەکی سکماکی هەیە و خۆراکی لە باشووری کوردستان و سووریا دەستناکەوێت تەنیا لە تورکیاوە هاوردەی دەکەن، بەڵام لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رێگە بەهاوردکردنی نەدراوە.
جەمیلە ئەحمەد، ژنێکی تەمەن 36 ساڵە و خەڵکی قامشلوی رۆژئاوای کوردستانە، بە رادیۆی رووداوی گوت، منداڵەکەی تەمەنی شەش ساڵە و نەخۆشی سکماکی (فینل کیتۆن)ی هەیە، هەر خۆراکێک پرۆتینی تێدابێت نابێت منداڵەکەی بیخوات.
جەمیلە کە دایکی کوڕ و کچێکە، دەڵێت، کوڕەکەی (ساڵح ئیسماعیل حەسەن) تەمەنی شەش ساڵە، هەر لە سکماکییەوە ئەو نەخۆشییەی هەیە، "شەش ساڵە ژیانمان تاڵ بووە بەدەست نەخۆشییەکەوە".
دەشڵێت، ئەو خۆراکەی دەیدەنە کوڕەکەی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان نییە و تەنانەت لە باشووری کوردستانیش نییە، بۆیە لە تورکیاوە هاوردەی دەکەن، دوو مانگ جارێک لەگەڵ خێزانێکی دیکە کە کچەکەیان هەمان نەخۆشی هەیە لە تورکیاوە هاوردەی دەکەن.
جەمیلە ئەحمەد بە رادیۆی رووداوی گوت، "کێشەکەمان ئەوەیە، کاتێ ویستمان لە تورکیاوە هاوردەی بکەین، لە ئیبراهیم خەلیل رێگەیان نەدا و گوتیان ئارد قەدەخەیە، لەکاتێکدا ئەوە چەند ساڵە ئێمە لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردەی دەکەین و پاشان بۆ رۆژئاوا، بەڵام ئەم جارە لە رۆژی 13ی کانوونی یەکەمی 2024 رێگەیان نەداوە بە هاوردکردنی و هەموو خۆراکەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا".
ئەو خۆراکانەی بۆ ساڵحی تەمەن شەش ساڵ لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن (ئارد، مەعکەرۆنی، شوکلاتە و پسکیت)ی تایبەتن. دایکی ساڵح دەڵێت، "دوو مانگ جارێک بڕی نزیکەی 20 کیلۆگرام ئارد، نزیکەی دوو کیلۆگرام مەعکەرۆنی و دوو سێ پاکەت پسکیت و شوکەلاتەی بۆ دەکڕین کە زیاتر لە 220 دۆلار دەکات و هەر ئەوەندە توانامان هەیە".
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، باوکی ساڵح سەوزەفرۆشە. کە منداڵەکەی ئەو خۆراکانەی نەماوە تەنیا سەوزە و میوەی دەدەنێ و لە دۆخێکی سەختدایە، داواکارە هاوکاری بکرێن و رێگەیان پێبدرێت خۆراک بۆ منداڵەکەیان هاوردە بکەن، چونکە تەنیا لە تورکیا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ