رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە دەکات و رایدەگەیێنێت، لەم هێرشەی ئەمڕۆ کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی پەکەکە، "بەتووندی ئیدانەی دەکەین" و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدات.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 04-11-2020، ژمارەیەک گەریلای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری ئامێدی هێرشیانکردە سەر پێشمەرگە، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرەتا بۆمبێک بە هێزەکانی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و دواتر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی لەنێوان پەکەکە و پێشمەرگە روویداوە.
لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا پێشمەرگەیەک دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە "شەهید" بوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە" و راشیدەگەیێنێت "لەم چوارچێوەیەدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت، ئەم هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی پەکەکە، بە تووندی ئیدانە دەکەین و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدەین."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژ بەوە دراوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، "رێگری لە تێکچوونی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکات."
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەت لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە لە چەمانکێ
ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندی ئیدانەی هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە دەکات* .
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/11/4 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی ساز کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هێرشی ئەمڕۆی ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک لە لایەن هێزەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە ، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە ، هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان .
حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت، ئەم هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی پەکەکە، بە تووندی ئیدانە دەکات و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدات . لەم چوارچێوەیەشدا، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگری لە تێکچوونی ئاسایشی هەرێم دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ