رووداو دیجیتاڵ
پیسبوونی هەوا لەرێگەی موەلیدە ئەهلییەكانەوە، مژاری ئەم بەرنامە تایبەتەی لەگەڵ رەنج بوو. بە گوتەی پڕۆفیسۆرێكی كیمیایی ژیانی پزیشكی، هەوای پیس هۆكارە بۆ تووشبوون بە نزیكەی چوار هەزار جۆر نەخۆشی كە بەشێكی زۆری ئەو هەوا پیسە بەهۆی دووكەڵی موەلیدە ئەهلییەكانەوە دەردەدرێت. لەکاتێکدا ژمارەی موەلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی كوردستان 7,354 موەلیدەیە. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە خەڵكی موەلیدەی تایبەتی خۆیان هەیە.
بەپێی قسەی مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، "ئەگەر موەلیدەیەك 12 كاژێر كار بكات، ئەوا زیاتر لە یەك تۆن مادەی زیانبەخش دەخاتە هەواوە". هەر یەكێكە لەو 7354 موەلیدەیە لە وەرزە گەرم و ساردەكاندا لانیكەم 12 كاژێر كار دەكەن. بەم جۆرە بێت رێژەیەكی زۆری هەواكەمان موەلیدە پیسی دەكات.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر كە لە بەرنامەكەدا میوانە، ئەوە ناشارێتەوە، خاوەن موەلیدە هەیە گازی زۆر خراپ بەكاردەهێنێت. ئەو دەڵێت: "بەرمیلی گاز هەیە بە 90 هەزار دینار و هەشە بە 160 هەزار دینارە، كەسێك ئەگەر ویژدانی نەبێت دەتوانێ بەرمیلی گازی 90 هەزار دیناری بەكاربهێنێ".
لابردنی موەلیدە ئەهلییەكان وەك خاوەن موەلیدەیەكی شاری هەولێر لە بەرنامەكەدا باسی دەكات، هێشتا دوورە، چونكە گرفتی كەمیی كارەبا ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت، بۆیە شارەزایەكی بواری كارەبا پێشنیاز دەكات خەڵكی رووبكەنە بەكارهێنانی سیستمی سۆلار، واتە سوودبینین لە وزەی خۆر بۆ دابینكردنی كارەبا.
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا ئامارێكی مەترسیداری زیادبوونی توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان خرایەڕوو، كە لە ماوەی 10 ساڵدا بەرێژەی 549% زیادی كردوە. لە دوا بەشی بەرنامەكەدا پسپۆڕێكی بەشی بایۆلۆجیی زانكۆی كۆیە جەختی لەوە كردەوە، ئەگەر بەزوویی خەمێك لە ژینگە نەخورێ، "تاوەكو 2035 هیچ ماڵێكی كوردستان نابینی نەخۆشێكی قورسی تێدا نەبێت".
'چوار هەزار نەخۆشی پەیوەندی بە هەوای پیسەوەیە'
پێشتر واماندەزانی هەوای پیس زیاتر هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، بەڵام پڕۆفیسۆرێكی كیمیایی ژیانی لەم بەرنامەیەدا ئاشكرای دەكات، چوار هەزار جۆر نەخۆشی (لاوەكی و سەرەكی) پەیوەندییان بە هەوای پیسەوە هەیە.
د. سالار عەدنان، پڕۆفیسۆر لە كیمیایی ژیانی پزیشكی، لە بەشێكی ئەم بەرنامەیەدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە موەلیدە پەیوەندی بە كوالێتیی ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگەوە هەیە و دەشڵێت: "نزیكەی چوار هەزار جۆر نەخۆشی هەیە، لە دەرنجامی پیسبوونی هەواوە دروست دەبێت". پیسبوونی هەوا بەتایبەت بە دووكەڵ، كاریگەری لاوەكی و راستەوخۆی لەسەر دروستبوونی نەخۆشییەكان هەیە. د. سالار عەدنان باس لەوە دەكات دووكەڵی سووتەمەنی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێست و كۆئەندامی هەناسە و هەرس و گوشاری خوێن و راڕایی و زوو هەڵچوون و دڵەڕاوكێ و كەمخەوی و خەوزڕان و سەدان جۆر نەخۆشیی دیكەشەوە هەیە، لەبەر ئەوەی رێژەی قوڕقوشم لە لەشی مرۆڤدا زیادەكات" و دەشڵێت "هەوای پیس هاوسەنگی هۆڕمۆنەكانی لەشمان تێكدەدات".
12جۆر مادە بۆ ئۆكتان بەرزكردنەوە بەکاردەهێندرێن 'هەموویان قەدەخەن'
پڕۆفیسۆڕەكەی كیمیایی ژیانی پزیشكی، ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو مادانەی دەكرێنە سووتەمەنییەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئۆكتانەكەی، بە بڕیارێك قەدەخەكراون، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كەم تاوەكو زۆر، بە مادەی جۆراوجۆر ئۆكتانی سووتەمەنی بەرز دەكرێتەوە و دەڵێت "12جۆر مادەی قەدەخەكراو بەكاردێت بۆ بەرزكردنەوەی ئۆكتانی سوتەمەنی، هەمووشی قەدەخەكراون".
هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی د. سالار عەدنان، پیسیی هەوای هەولێر هۆكارە بۆ بەرزی رێژەی pm لە هەوای شارەكەدا هەر وەك گوتی "رێژەی pm لە هەوای هەولێردا 16.2، لەكاتێكدا رێگەپێدراو دەبێت لە پێنج pm زیاتر نەبێت".
ئەو پزیشكە ئەوەش ناشارێتەوە، ئەگەر پیسبوونی هەوا زیاتر بێت و بمێنێتەوە، ئەوا نەخۆشییە لاوەكییەكان دەكاتە نەخۆشیی درێژخایەن، بۆچوونیشی وایە خەڵكی چاوەڕێی ئەوە نەكات لایەنێك بەزوویی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بۆیە داوا لە خەڵكی دەكات خۆیان هەوڵی تاكەكەسی بدەن ئەوەش بە گرتنەبەری چەند رێگایەك لەوانە، رووكردنە وەرزش كردن و خۆ بەدوورگرتن لە خواردنی سووركراوە و رووكردنە خواردنی سەوزە و میوە.
'هەولێر تاكە شاری هەر چوار پارچەی كوردستانە ئەم تایبەتمەندیەی هەیە'
"لەسەر ئاستی چوار پارچەی كوردستان نزمترین شوێن كە شاری لەسەر دروستكرابێت هەولێرە". د. یەحیا ئەحمەد، پڕۆفیسۆر لەبەشی زانستی ژینگە و تەندروستی و مامۆستا لە زانكۆی سەلاحەددین لە بەشێكی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا وەهای گوت و ئەوەش بە خاڵێكی نەرێنی دەزانێ كە هاوكارە بۆ زیاتر پیسبوونی هەوای شارەكە: "دەگونجێ لە رۆژێكدا كاژێرێك لە هەولێر هەواكە پاك بێت، بەڵام نەبووە هەموو رۆژەكە بەپاكی بمێنێتەوە". بەپێی بەدواداچوونەكانی د. یەحیا لە دوای بەسرە هەوای هەولێر زۆرجار پیسترین شاری عێراقە و دەشڵێت: "جاری وەها هەیە هەوای هەولێر لە بەغداش پیسترە". لە بارەی بەراوردكردنی هەوای هەولێر بە شارەكانی سلێمانی و دهۆ، دەڵێت: "هەوای سلێمانی كەمێك لە هەولێر پاكترە، هەوای دهۆكیش لە هەولێر و سلێمانی باشترە".
چ گەڕەكێكی هەولێر هەواكەی زۆر پیسە؟
د. یەحیا ئەحمەد، جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە هەولێر گەڕەكەكانی باشووری شارەكە لەلای زانكۆی سەلاحەددین بۆ سەر رێگای كەركووك هەواكەی زۆر پیسە و دەشڵێت: "بەهۆی كارگەكان و خۆڵ و خاشاكی زۆرەوە هەوای گەڕەكەكانی رۆژئاوای هەولێریش پاك نییە". لەبارەی ئەو گەڕەكانەش كە هەواكەیان پاكە، بەپێی بەواداچوونەكانی ئەو شارەزایەی ژینگە، گەڕەكانی سەر رێگای پیرمام و شەقڵاوە كەمێك هەواكەی باشترە، چونكە ئەو ناوچانە كارگەی كەمی لێیە و بۆنی پاڵاوگەكانیشیان بە ئاسانی ناگاتێ. د. یەحیا ئەحمەد ئەوەش دەخاتەڕوو هەولێر جگە لەوەی لە نزماییدا دروستكراوە، چوار دەورەكەشی گیراوە؛ "لە هەولێر هەوای پیس بە ئاسانی ناڕوات و لە ئاسمانی شارەكەدا كۆدەبێتەوە".
پڕۆفیسۆرەكەی زانستی ژینگە و تەندروستی جەخت لەوە دەكاتەوە، دووكەڵی پاڵاوگە نایاساییەكان بە هەزاران جار لە دووكەڵی موەلیدەكان خراپترە: "ئۆتۆمبێل، موەلیدە و كارگە گەورەكان و پاڵاوگە نایاساییەكان و سپلیت هەموویان پێكەوە هەوا پیس دەكەن". لە بەشی كۆتایی قسەكانیشی پڕۆفیسۆرەكەی زانستی ژینگە و تەندروستی ئەوەی نەشاردەوە، ئۆتۆمبێلەكانی هەر یەكەمان وەك موەلیدە زیانی هەیە: "رۆژانە هەر یەكەمان كە ئۆتۆمبێلەكانمان ئیش پێدەكەین وەك ئەوە وایە موەلیدەیەك هەڵبكەین، هەردووكیشیان زیانی زۆریان بۆ ژینگە هەیە".
لە هەرێمی كوردستاندا 7354 موەلیدەی ئەهلی كار دەکەن، 90٪ـیان لە شارەكاندان
لە بەشی یەكەمی ئەم بەرنامەیەدا راپۆرتێك لەسەر موەلیدە ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان پێشاندرا كە لەلایەن رۆژنامەنووس نەوزاد مەحموودەوە ئامادەكرا بوو؛ بەپێی راپۆرتەكە لە هەرێمی كوردستاندا 7354 موەلیدەی ئەهلی كار دەکەن، كە 5 ملیۆن و290 هەزار و 169 ئەمپێر كارەبا بەرهەمدەهێنن بۆ سەرجەم هاوبەشەكانیان، كە ژمارەیان (یەك ملیۆن 311 هەزارو 598هاوبەشە). هەر بەپێی راپۆرتەكە زۆرترین شوێن موەلیدەی ئەهلی لە شاری هەولێردایە كە 1342 شوێن و8٪ـی لە گوندەكاندایە لە سلێمانیش 1150 شوێن موەلیدە هەیە، 10٪ـی لە گوندەكاندایە و لە دهۆكیش 540 شوێن موەلیدە هەیە، 31٪ـی لە گوندەكاندایە، بەشێوەیەكی گشتی لە زستان و هاویندا موەلیدەكان زۆرترین كاریان پێدەكرێت. لە شەو و رۆژێكدا نزیكەی 14 كاژێر كار دەكەن. ئەمە جگە لەوەی لە بەشێكی گەڕەكەكان خەڵكی موەلیدەی تایبەتی خۆی هەیە.
بە 12 كاژێر ئیشكردن زیاتر لە یەك تۆن مادەی زیان بەخش دەخاتە هەواوە
هەر لەنێو راپۆرتەكەدا د. رێبین سەمەد، سەرۆكی بەشی ئەندازایاریی رووپێوان لە زانكۆی پۆلیتەكنیكیی هەولێر قسە دەكات؛ ئەوە ئاشكرا دەكات ئەگەر موەلیدەیەك 12 كاژێر كار بكات، ئەوا زیاتر لە یەك تۆن مادەی زیانبەخش دەخاتە هەواوە. هەر لە راپۆرتەكەدا باس لە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەجۆرێك ژێرخانی كارەبای هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی 7000 مێگاوات كارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێداویستییەكان بەتایبەت سووتەمەنی 3500 مێگاوات بەرهەمدێت.
وەزارەتی كارەبا هەوڵدەدات لەرێگەی دانانی سیستمی پریپەیدی كارەباوە موەلیدە ئەهلییەكان هەنگاو بە هەنگاو هەڵبگرێت، لەو بارەیەشەوە هەنگاونراوە، بەنموونە تاوەكو ئێستا لە شەش شوێنی هەرێمی كوردستان سیستمی پریپەیدی كارەبا دانراوە، بەهۆیەشەوە لە سلێمانی 28 موەلیدە و لە هەولێریش 320 موەلیدە لابراون و لە شاری دهۆكیش 5٪ـی بەشداربووانی كارەبا سیستمەكەیان بووەتە پریپەید.
لە كۆتایی ئەو راپۆرتەدا، ئامارێكی مەترسیداری زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان خراوەتەڕوو. ئەوەش ئەوەیە لە 10 ساڵدا تووشبوون بە شێرپەنجە لە 1528 كەسەوە بووەتە 9911 كەس. واتە بە رێژەی 549٪ زیادی كردووە، ئەوەش ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانە.
زیاتر لە 10 جۆر گازێك هەیە و جیاوازیەكی زۆریش لە نرخدا هەیە
سەرباز كەریم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر وەك میوانێكی ئەم بەرنامەیە ئەوە ناشارێتەوە كە بەشێك لە گازفرۆشەكان، گازی زۆر بێ كوالێتی دەفرۆشنە هەندێ لە خاوەن موەلیدەكان و دەشڵێت: "بەرمیلی گاز هەیە بە 90 هەزار دینار و هەشە بە 160 هەزار دینار، كەسێك ئەگەر ویژدانی نەبێت دەتوانێ بەرمیلی گازی 90 هەزار دیناری بەكاربهێنێ".
هەر بەپێی زانیارییەكانی گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر ئێستا زیاتر لە 10جۆر گاز لە بازاڕدا هەیە و دەڵێت: "گازفرۆشە بە ویژدانەكان گازی باش دەفرۆشن، بەپێچەوانەشەوە هەیە". سەبارەت بە پێكهاتەی ئەو گازە خراپەش كە بەرمیلی بە 90 هەزار دینارە، سەرباز كەریم ئەوە رووندەكاتەوە ئەو گازەی بەرمیلی بە 90 هەزار دینارە پێكهاتەكەی هەر نەوت و رۆنە؛ "پێویستە هەموو ئەوانەی مامەڵەی گاز دەكەن شتێك بزانن، گازی باش نەدەیبەسـتێ نە خڵتەشی دەبێت، ئێستا خۆشبەختانە كڕیاری گازی باش زۆرترە لە كڕیاری گازی خراپە". گوتەبێژەكەی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر جەختی لەوەش كردەوە گازی هەردوو كۆمپانیای كار و بێجی هیچ كێشەیەكیان نییە و موەلیدەكان دەتوانن بەبێ گرفت بەكاریبهێنن.
دوای بەرنامەیەكی لەگەڵ رەنج لێپێچینەوەی زۆر كرا
هەر لەبەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا، سەرباز كەریم جەختی لەوە كردەوە لیژنەكانی قایمقامیەت و پارێزگای هەولێر گوشاری زۆریان لەسەر سووتەمەنی فرۆشەكان هەیە و بەردەوام بەدواداچوون بۆ كارەكانیان دەكەن و گوتی: "لەدوای بەرنامەیەكی ئێوە لەسەر خراپیی كوالێتیی سووتەمەنی لە هەولێر 35 بەنزیخانە بۆ ماوەیەكی كاتی داخران، چونكە دەركەوت سەرپێچییان كردبوو". بەپێی بەدواداچوونەكانی سەرباز كەریم، دووكەڵی زۆری موەلیدە مەرج نییە تەنیا پەیوەندیی بە خراپی گازەكەوە هەبێت، بەڵكو پەیوەندی بە باری زۆری سەر مۆلیدەكە جۆرو كوالێتی موەلیدەكەشەوە هەیە.
لەلای سەرباز كەریم و بەشێك لە هاوپیشەكانی پاڵاوگە نایاساییەكان دەورێكی نەرێنیان هەیە لە پیسبوونی هەوا، سەرباز كەریم دەڵێت "بۆ پیسبوونی هەوا پاڵاوگە نایاساییەكان كارەساتی زیاتریان لە مۆلیدەكان دروست كردوە".
سووتانی بەشێكی خۆڵ و خاشاكی هەولێر لە ناوچەی كانی قڕژاڵە و دروستبوونی هەوایەكی پیس بەوهۆیەوە، لەلای سەرباز كەریم زیانەكەی هاوشێوەی موەلیدەكانە ئەگەر زیاتر نەبێت، بۆیە دەڵێت: "چەندین كارگەی گەورە لە نزیك شارەكان دروست كراون كە ئیش دەكەن دووكەڵێكی زۆر دروست دەبێت ئەی ئەوە مەترسی نییە؟" لە كۆتایی قسەكانی گوتەبێژەكەی ئەنجوومەنی گازفرۆشان باسی لەوەش كرد ئەو وەك خۆی بۆ دابینكردنی كارەبا وازی لە موەلیدە هێناوە و سوود لە سیستمی سۆلار وەردەگرێت.
'ئومێدێك بۆ لابردنی موەلیدە نییە'
فەرهاد عەبدوڵڵا كە وەك خاوەن موەلیدەیەكی شاری هەولێر لە بەرنامەكەدا بەشداربوو، بەدووری زانی بەمزووانە موەلیدە ئەهلییەكان هەڵبگیرێن. ئەو گوتی: "هەر باڵەخانەیەک زیاد دەكات ئیتر كارەبای سەرەكی بەشی چی دەكات؟ بۆیە هیچ كاتێك پێشبینی ئەوە ناكەم موەلیدە لاببرێ".
فەرهاد عەبدوڵڵا جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەگەر خاوەن موەلیدەكان گازی بەرمیلی 150 هەزار دیناری بەكاربهێنن، ئەوا هیچ قازانجێك ناكەن و گوتی: "وەك خۆم بەرمیلی گاز بە 125 هەزار دینار دەكڕم و ئەوە بەكاردەهێنم، خەڵكی بێویژدانیش هەیە گازی خراپ دەكڕێت، دەبێت ئەوەش روون بێت لیژنەكانی چاودێری موەلیدەكان لە پارێزگا و قایمقامیەتیش زۆر سەردانی موەلیدەكان دەكەن و لێپێچینەوەی وردیش دەكەن، لە مانگی رابردوودا ئەو لیژنانە سێجار سەردانی منیان كردوە".
ئەو خاوەن موەلیدەیەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو لەم وەرزی گەرمایەدا بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە 14 كاژێر كارەبایان داوەتە هاوبەشەكانیان "تەنانەت رۆژ هەبوو17 كاژێر كارەبامان داوە."
لە كۆتایی قسەكانی ئەو خاوەن موەلیدەیەی هەولێر، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، لە رێگای كۆمپانیاكانی كار و لاناز ەوە گاز بۆ هەموو مۆلیدەكان دابین بكات.
'هەوای پیس توانای سێكسی كەم دەكات'
د. بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجیی زانكۆی كۆیە وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو، بەپێی بەدواداچوونە زانستییەكان (هەوای پیس) كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی توانا سێكسییەكان هەیە، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو لەبارچوونی منداڵ و منداڵی ناكامیش زۆر دەكات. ئەو دەشڵێت: "هەوای پیس بەتایبەت زیانی زۆر گەورەی لەسەر ژیانی ئافرەتی دووگیان هەیە، با بپرسین بۆچی رێژەی منداڵی ئۆتیزم زیاد بووە؟ بەدڵنیاییەوە هۆكارێكی پیسبوونی هەوایە 80٪ـی ئەو منداڵانەی توشی ئۆتیزم بوون لەنێو سكی دایكیاندا تووشبوون".
هەر بەپێی قسەكانی د. بەختیار بێت، پێنەگەیشتنی مێشك و زوو لەبیر چوونەوەش پەیوەندی بە پیس بوونی هەواوە هەیە ئەو دەشڵێت "بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە جێگای كالسیۆم، قوڕقوشم لە نێو ئێسكەكانمادا دەنیشێ، ئەوەش زۆر مەترسیدارە". بەهۆی پیسی هەواكەمانەوە مەترسی لەسەر ئەو خواردنو سەوزەو میوانەش دروست دەبێت كە رۆژانە بەكاریان دەهێنین، چونكە هەر وەك د.بەختیار باسی دەكات هەوای پیس دەنیشێتە سەر ئەو سەوزەو میوانەی رۆژانە دەیخۆین.
تاوەكو 2035 چی روودەدا؟
هەموو میوانەكانی ئەم بەرنامەیە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەوای هەولێر بەراورد بە شارەكانی دیكەی كوردستان پیسترە، بەپێی بەواداچوونەكانی د. بەختیار عەبدوڵڵا، هۆكاری ئەوەیە لەنێو خەڵكی هەولێردا نەخۆشییەكانی شەكرە و گوشاری خوێن و بڕبڕەی پشت زیاترە. ئەو دەڵێت: "بەشێكمان بەهۆی پیسبوونی هەواوە 80٪ـی داهاتەكانمان بۆ پزیشكەكانە". كەمیی جووڵەی هەوا لە هەولێر گرفتێكی دیكەیە، چونكە هەوای پیس زیاتر دەمێنێتەوە.
د. بەختیار عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە سلێمانی و دهۆك ئەگەر هەواش زۆر نەبێت، كزەیەك هەر هەیە ئەو كزەیە بەشێكی هەوا پیسەكە لادەبا".
گرفتێكی دیكە كە د. بەختیار عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدا كاریگەری خراپیی پلاستیكە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، بەتایبەت كە كاریگەریی لەسەر تێكچوونی هۆڕمۆنەكانی لەشی مرۆڤ هەیە. ئەو دەڵێت: "جگە لە پیسبوونی هەوا، پیسبوون بەهۆی ماددە پلاستیكییەكان گرفتێكی هەرە گەورەی ئەم سەردەمەیە بەتایبەت كە كاریگەریی لەسەر تێكچوونی هۆڕمۆنەكانی لەش هەیە لە خۆڕا نییە خەڵكانێك دروست بوون حەز بە گۆڕینی رەگەزی خۆیان دەكەن ئەوانە دەرەنجامی تێكچوونی هۆڕمۆنەكانە".
بە بڕوای د. بەختیار عەبدوڵڵا، ئەگەر رێكاری بەپەلە نەگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكان، "تاوەكو 2035 هیچ ماڵێكی كوردستان نامێنێ نەخۆشییەكی قورسی تێدا نەبێت".
پێویستە حیزبەكان مەكتەبی ژینگەیان هەبێت
د. ئیبراهیم حەمەڕەش پسپۆری كارەبا و كۆمپیتەر وەک میوانێكی دیكە ئەوەی خستەڕوو بیرۆكەی دانانی موەلیدە لە 1997وە سەریهەڵداوە و سەرەتا وابڕیاربوو بۆ چەند ساڵێكی كەم بێت، بەڵام دواتر گەیشتە ئێستا كە لابردنیان قورس بووە. ئەو دەڵێت: "گرفتەكە ئەوەیە ئەگەر ئەو موەلیدانە گازی باشیش بەكاربهێنن دووكەڵەكەی هەر زیانی هەیە". د. ئیبراهیم حەمەڕەش خۆزگە دەخوازێ لەسەر ئاستی حیزبەكان كار بۆ پاراستنی ژینگە بكرایە. ئەو دەڵێت: "بەشێك لە حیزبەكانی ئەورووپا مەكتەبی تایبەت بە پاراستنی ژینگەیان هەیە خۆزگە ئەوە لێرەش هەبوایە". لەلای د. ئیبراهیم تەنیا دووكەڵ هەوا پیس ناكات، بەڵكو ئەو سپلیتانەش كە خەڵكێكی زۆر بەكاردەهێنێ، بەهەمان شێوە هەوایەكی گەرم فڕێدەدەنە هەواوە، بەجۆرێك لە جۆرەكان هەوا پیس دەكات.
سوودبینین لە وزەی خۆر بۆ كارەبا (سیستمی سۆلار)
بەپێی قسەی د. ئیبراهیم حەمەڕەش بێت، ئێستا بۆ دابینكردنی كارەبا، خەڵێكی زۆر روویان لە بەكارهێنانی سیستمی سۆلار كردووە كە سودبینینە لە وزەی خۆر بۆ دابینكردنی كارەبا. ئەو گوتی: "لە پێنج مەتر پەناڵدا پێنج ئەمپێر كارەبا دروست دەبێت ئێستا ئەو سیستمە زۆر گەشەی كردووە".
د. ئیبراهیم حەمەڕەش بەپێویستی دەزانێ وەزارەتەكانی كارەبا و پلانادانان و دەستەی ژینگە هانی خەڵكی بدەن سیستمی سۆلار دابنێن: "ئەو پارەیەی بەناوی ژینگە لە شۆفێران وەردەگیرێ پێویستە بدرێتە خەڵكانی هەژار بۆ دانانی سیستمی سۆلار".
بەپێی زانیارییەكانی پسپۆڕەكەی كارەبا و كۆمپیوتەر، حاڵەتێكی گونجاوە سیستمی سۆلار لەسەر ئاوی دووكان و دەربەندیخان دابنرێت، بەڵام نەگونجاوە سوود لە زەویی كشتوكاڵی وەربگرێت بۆ دانانی سیستمی سۆلار: "بۆ دانانی سۆلار دەكرێت سوود لە سەربانی مۆڵە گەورەكان وەربگرێت". لە دواجاردا بەپێویستی دەزانێ بانك هەبێت قەرز بداتە خەڵكی بۆ ئەوەی سیستمی سۆلار دابنێن.
ئەم بەرنامەیە شەوی 04-08-2024 پێشكەش كرا و میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە:
*د. سالار عەدنان، پڕۆفیسۆر لە كیمیایی ژیانی پزیشكی
* د. یەحیا ئەحمەد، پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستی ژینگە و تەندروستی
*سەرباز كەریم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر
* د. ئیبراهیم حەمەڕەش پسپۆڕی كارەبا و كۆمپیوتەر
* د. بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجیی زانكۆی كۆیە
* فەرهاد عەبدوڵڵا، خاوەن موەلیدە لە هەولێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ