زیاتر لە 17 هەزار کەس لە نەینەوا و ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگاکە دادەمەزرێندرێن

04-07-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای نەینەوا 17 هەزار و 50 کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن، لەو رێژەیەش بەشێکی لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگاکە دەبن.
 
رۆژی پێنجشەممە 04-07-2024 ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی راگەیاند، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لینکی پێشکێشکردنی فۆرمی داواکاری بۆ دامەزراندنەکە کارا دەبێ.
 
ویسام سالم، کە نوێنەری یەکێتیی نیشیتمانیی کوردستانە دەڵێ، دابەشکردنی دامەزراندنەکان بەم شێوەیە دابەشکراون، "50 دامەزراندن بۆ فڕۆکەخانەی موسڵ، 1000 دامەزراندن بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرمانگەکانی شنگال تەرخانکراوە. 9 هەزاری دیکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و 7 هەزارەکەی دیکە بۆ فەرمانگە جیاجیاکانی نەینەوایە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت: "دامەزراندنەکە بە گرێبەستە، بڕی پارەکەشیان 300 هەزار دینارە".
 
هەروەها گوتی، دامەزراندنەکە لەسەر بنەمای چڕیی دانیشتووان دابەشکراوە بەسەر موسڵ، ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا، باشوور و رۆژئاوای نەینەوا، بۆ هەموو فەرمانگەکانە لە قەزا و ناحییەکانی نەینەوا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە