وردەکاریی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی

04-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و دانانی میکانیزمی هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی یەکێک لە تەوەرەکانی دیدارەکەیان بوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا کرد.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندیی دوولایەنە و پەیوەندی و دانانی میکانیزمی هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاڵوگۆڕ کرا".
 
ئەوەش ئاماژەی پێدراوە کە، "بارودۆخی سیاسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەری دیکەی ئەو دانیشتنە بوون".
 
دوێنێ چوارشەممە، سەرۆک بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراقەوە پێشوازی لێکرا، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
لە هەمان رۆژدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا کۆبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە