رووداو دیجیتاڵ
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێنا بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ کەسەی، لە نزیک کەمپی شاریا گوێی گەنجێکی شنگالیان بڕی و هەڵاتن.
وەجدی زیدان تەمەنی 18 ساڵە و قوتابییەکی زیرەکە لە پۆلی 12یە، شەوی چوارشەممە لە کافتریایەکی شاریا سەیری یاری ریال مەدرید و لیڤەرپوولی کردووە، کاژێر 01:00 گەڕاوەتەوە ماڵ، بەر لەوەی بگاتە ناو کەمپەکەیان، وەکو خۆی دەیگێڕێتەوە، سێ کەس هێندەیان لێداوە، تا لە هۆش خۆی چووە.
وەجدی زیدان دەڵێت، "کاتێک بەهۆش هاتمەوە، سەیرم کرد هەموو سنگ و گیانم خوێنە هەر دەستم لە گیانم دەدا نەمدەزانی کوێمە، مۆبایلەکەم مابوو، وێنەیەکی خۆمم گرت، بینیم، گوێم پێوە نەماوە، ئیدی زانیم هەردوو گوێیان بڕیوم".
وەجدی گەیشتووەتە ماڵەوە، براوەتە نەخۆشخانە، کاژێر 03:30 پۆلیس چوونەتە شوێنەکە، گەڕاون یەک گوێیان دۆزیوەتەوە، ئەوەی دیکەیان دیار نییە. جەلال عەلی، مامی وەجدی دەڵێت، "بەیانییەکەی کاژێر 12:00 بردمان بۆ دکتۆر گوتمان پێوەی بکەنەوە، گوتی، 'تازە کەڵکی نەماوە'."
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، "تاوەکو ئێستا کەس دەستگیرنەکراوە، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە، بەڵام نەمانتوانیوە تاوانبارەکان بدۆزینەوە".
وەجدی خەڵکی سیپای شێخ خدرە لە شنگال، لە ساڵی 2014 ئاوارەی کەمپی شاریا بوون لە دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ