رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بارانبارین لە چەند ناوچەیەکەوە دەستپێدەکات و دواتر هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، لە چەند ناوچەیەک بارانی بەلێزمە و تەرزە ببارێت.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینییەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ئێوارەدا نمەباران و بارانی مامناوەند لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە دەستپێدەكات، پاشان كاریگەریی زیاد دەكات و لە درەنگی شەودا باران لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی کوردستان دەبارێت، هەندێك كات لێزمە باران و هەورە برووسکە دەبێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی دەڵێت: "لە زۆربەی ناوچەكان باران دەبارێت؛ هەندێك كات بەشێوەی لێزمەبارانە و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانەکە دوای کاژێر 11:00ـی ئەمشەوەوە بە چڕی دەستپێدەکات؛ نمەبارانی ناوبەناوی بەهارە دەبارێت و هەندێکجار تاوەبارانی بەهێز و تەرزە لە چەند ناوچەیەک دەبارێت".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، بەهۆی بارینی بڕێکی زۆری باران لە کاتێکی کەمدا، لە هەندێک لە دۆڵەکانی هەرێمی کوردستان لافاو دروستبێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە بارانبارین کۆتایی دێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، سبەی پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلە دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 23 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 9 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ