رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی گردی زەرگەتە رایگەیاند، سبەی 05ـی نیسان کۆنفرانس دەکەن، باڵەکەی دیکەی بزووتنەوەکە دەڵێت، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئاگادارکراونەتەوە 10ـی نیسان و لە دەرەوەی گردی زەرگەتە کۆنفرانس بکەن.
هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن، نووسراوی کۆمیسیۆنیان هەیە. باڵی کوردسات دەڵێت، ئەمڕۆ بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27-03-2025 دەرچووە، ئاگادار کراونەتەوە 10ـی نیسان کۆنفرانس بکەن.
باڵی گردی زەرگەتەش دەڵێت، 20-02-2025 فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بە نووسراوی ژمارە 207 داوای لێکردوون وەکو گۆڕان لە گردەکە و لە 05ـی نیسان کۆنفرانس بکەن.
رۆڤان سەروەت، رێپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (باڵی کوردسات)، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی کۆمسیۆنمان بەدەست گەیشت، کە لە 10ـی ئەم مانگەدا کۆنفرانسەکە بکەین".
بەگوتەی رۆڤان سەروەت، بۆ کۆنفرانسەکە هەموو ئامادەکارییەکیان لەژێر راسپاردە و رێنماییەکانی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی کۆمیسیۆن کردووە.
ئەو رێپێدراوەی گۆڕان لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی: "بە نووسراوی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان ژمارە (875)، لە رێککەوتی 2-3-2025، بە فەرمی ئاگادار کراینەوە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان".
ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە باڵی کوردسات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆنفرانس لەژێر چاودێری کۆمیسیۆن لە دەرەوەی گردی زەرگەتە دەکرێت، ئەمە فەرمییە و ئەوەی پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە هەڵوەشاوەتەوە".
باڵی گردەکە: سبەی لە گردەکە کۆنفرانس دەکەین
ئەمڕۆ نزار مهحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە لەگەڵ باڵی گردی زەرگەتەدایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی کۆنفرانسی بزووتنەوەکەمان بە فەرمی بەڕێوە دەبەین و هیچ گۆڕانێک رووینەداوە".
نزار مەحموود گوتی: "ئەوانەی بانگەشەی کۆنفرانس دەکەن لە 10ـی ئەم مانگە، ناڕاستە و بنەمای نییە، بەڵکو هۆکاری کەمیی مانەوەی کاتی کۆنفرانسەکەمانە ئەوانیش دەست بۆ هەموو بابەتێک دەبەن".
لەبارەی ئەوەی ئایا سبەی باڵی کوردسات دەتوانن لە گردی زەرگەتە بەشداری کۆنفرانس بکەن، نزار مەحموود گوتی: "هەر خۆیان نایەن بۆ بەشداریکردن، ئەوان لە هەڵبژاردن دەترسن و بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە دەیانەوێت تەشویش دروست بکەن".
یاسین حەمەعەلی، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) دوێنێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "5ـی نیسان لە سلێمانی سێیەمین کۆنفرانس دەبەستین، بەستنی کۆنفرانس پاڵپشتە بە بڕیارەکانی کۆمیسیۆن و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان."
سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەی گۆڕان
زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر و لە 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە سازکرد.
رێوەڕەسمەکەی پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی، 27-09-2024 دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
دوای داخستنی دەرگەکە، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، رایانگەیاند "بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە، لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەموو لایەکە و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەموو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەموو لایەک بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانی تەواو لە دەستووری نێوخۆیی و جڤاتەکان دەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی، وەکو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەنزیک ئارامگەی باوکمانەوە، پێمان باشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە".
ئەوانەی دژی دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید بوون بە دەستنیشانکردنی وەکو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، رایانگەیاند، "لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، رێکخەری گشتیی بەوەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێت. نەوەکو بە کودەتا و وەکالەت".
دوای ئەو ناکۆکیانە، 04ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.
کێشەکان دوای ئەوە زەق بوونەوە، لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەهۆی نەکردنی کۆنگرەی گشتی (کۆنفرانس)، عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی گشتیی بزووتنەوەی گۆران، بریکارنامەی گشتی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد.
بریکارنامە گشتییەکە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 لە فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی بە ژمارە 30874 کرابوو.
بزووتنەوەی گۆڕان چۆن بەڕێوەدەچێت؟
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی".
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجەدا بەشدارە. جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازیی و بازرگانی بە دەست بزووتنەوەی گۆڕاندان و زۆرینەی وەزیرەکان لەگەڵ باڵی کوردستادان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ