رووداو - سلێمانی کارگەی جگەرەی سلێمانی. کە موڵکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییە دەگواسترێتەوە بۆ سەر ناوی وەزارەتی رۆشنبیری و دەکرێتە شوێنێکی کولتووری. کارگەی جگەرەی سلێمانی زەوییەکەی 25 دۆنمە و دەکەوێتە نێو جەرگەی شارەوە. ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا ماستەرپلانە نوێیەکەی ئاشکرادەکرێت. ماوەی چەند ساڵێکە وەزارەتی رۆشنبیری لە هەوڵی ئەوەدایە کارگەی جگەرەی سلێمانی، کە موڵکی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییە بکاتە موڵکی خۆی بۆ ئەوەی بیکاتە شوێنێکی کلتووری و باڵەخانەی نوێی تێدا دروستبکرێت. بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ موڵکایەتی ئەو شوێنە گرنگەی سلێمانی کە 25 دۆنمە، لەسەر وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی گواستراوەتە سەر وەزارەتی رۆشنبیری، ئەوەش رووداوێکی گرنگە چونکە وەزارەتی رۆشنبیری دەبێتە خاوەن موڵکێکی سلێمانی کە دەتوانێت بۆ ئامانجەکانی خۆی لە دروستکردنی، سینەما، شانۆ، کتێبخانە و مۆزەخانە بەکاریبهێنێت". بابەکر دڕەیی دەڵێت "لەنێوان وەزارەتی رۆشنبیری و رێکخراوی کولتوور و گەشەپێدانی بەردەوام، کە رێکخراوێکی ناحکومییە و پێشتر حکومەت مۆڵەتی پێداوە لەو شوێنە کار بکات، لێکتێگەیشتنێکمان واژۆکردووە بۆ ئەوەی ئەوان کارەکان لەو شوێنە ئەنجامبدەن، ئەوان نزیکەی 6 ساڵ دەبێت لەو شوێنە کاردەکەن".
جیهان05-06-2026بەریتانیا رەخنە لە جێگرەکەی ترەمپ دەگرێ و بە "دەستوەردان لە دیموکراسی" تۆمەتباری دەکات