لە سلێمانی و هەڵەبجە مامۆستایان بایکۆتیان شکاند

04-01-2025
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی داهاتوو تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، "رۆژی چوارشەممەی داهاتوو تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ دەستپێدەکات و مامۆستایانی هەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتیان شکاندووە."
 
 لە 01-12-2024ـەوە، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، مامۆستایان لە بەشێکی قوتابخانەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتیان راگەیاندبوو.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی2025)،  ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی نزیکبوونەوەی کاتی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ لە بەرژەوەندی قوتابییان بایکۆت لە سلێمانی و هەڵەبجە شکێنراوە، ئەگەر مووچەی مانگی 12 دابەشبکرێت پێشبینی دەکەم دەوام ئاسایی ببێتەوە."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، "ئێمە وەک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بایکۆتمان نەکردووە، بەڵام مافی مامۆستایانە بایکۆت بکەن، پێویستە بارودۆخی خوێندن یەکلایی بکرێتەوە، لایەنەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
ساڵی 2023ـش لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.
 
هۆکاری بایکۆتی مامۆستایان، ناجێگیریی دابەشکردنی مووچەیە. ئێستا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت و شەوی دووی کانوونی دووەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی 11ـی بڵاویکردەوە کە لەماوەی چوار رۆژدا لە 5 بۆ 8ـی کانوونی دووەم، مووچەی مانگی 11ـی 2024ـی مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

 

راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 11 دوای 17 رۆژ لە راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 10 هات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە