رووداو دیجیتاڵ
بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە شاری بەغدا کرایە ئامانج، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی و جێگرەکەی کوژراون.
ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، بارەگای لیوای 12ـی حەشدی شەعبییە لە شەقامی فەلەستین لە بەغدا."
هەروەها زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو باسی ئەوە دەکات؛ بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان "دوو سەرکردەی حەشدی شەعبی لە بۆردوومانەکەدا کوژراون؛ یەکێکیان حاجی ئەبو تەقوا، فەرماندەی لیوای 12ـی حەشدی شەعبییە."
کەناڵەکانی حەشدی شەعبی لە تەلەگرام بڵاویان کردووەتەوە، هێرشەکە لە رێگەی درۆن و لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کراوە، لە ئەنجامدا ئەبوو تەقوا سەعیدی و یاریدەرەکەی بەناوی ئەبوو ئیمتیحان کوژراون. هەروەها باس لە برینداربوونی شەش کەسی دیکە دەکرێت.
ئەو لیوایەی کراوەتە ئامانج، لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە، کە زیاتر لە هەزار چەکداری هەیە، لەلایەن ئەکرەم کەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەشێک لە هێزەکانیان لە سووریان.
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
شەوی چوارشەممە 03-01-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، بەرپرسیاریێتیی حکومەتی عێراقە، کە هەنگاو لە دژی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا بنێت. هەرکاتێکیش پێویست بکات دوودڵ نابن لە بەرگریکردن لەخۆیان.
لە دوای هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رووبەڕووی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران بوونەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا زیارتر لە 100 جار لە عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک لەلایەن بەشێک لە گرووپە نەناسراوەکانی شیعەکانەوە هێرشیان کراوەتەسەر.
ئەمریکا پێشتر سێ جار بە درۆن و مووشەک لە سووریا و عێراق هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان. گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە کەناڵەکانی تەلەگرام دەڵێن، ئەو هێرشەی ئەمڕۆش لەلایەن ئەمریکاوە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ