خوێندنی باڵا هۆشداری دەدات: ئەم وانەبێژانە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێنرێتەوە

03-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای فەرمانی بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی خوێندنی باڵا، دەنگۆی بەگرێبەستکردنی ژمارەیەک مامۆستا لە زانکۆی راپەڕین بڵاوبووەتەوە کە بەشێکیان کێشە لە بڕوانامەکانیاندا هەیە و بەشێکیشیان هەر وانەبێژ نەبوونە. بەرپرسێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "وردبینی لە ناوی وانەبێژانی هەموو زانکۆکاندا دەکرێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-11-2024، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر وانەبێژێک بە گرێبەست کراوە ناوەکەی لە زانکۆکانەوە نێردراوە بۆ ئێمە و ئێمەش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە، هەر کەسێک وردبینی شیاوبوونی پشتڕاست نەکرێتەوە، دانامەزرێت و هەر فەرمانێکی بۆ دەرچووبێت بە هەڵوەشاوە دادەنرێت."
 
توانا نەجەف گوتی، "بۆ پشتڕاستکردنەوەی شیاوبوونی هەموو ئەوانەی وەکو وانەبێژ کراون بە گرێبەست، لیژنەیەک پێکهێندراوە وردبینی لە ناوی هەموو مامۆستاکان دەکات لە خانەقینەوە بۆ زاخۆ بەبێ جیاوازی".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بە فەرمانێکی وەزاری کە ژمارە 2557ـە و لە 23-10-2024 دەرکراوە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی د. توانا نەجەف، هەروەها ئەندامێتی هەریەکە لە ئاراس نامیق رەسووڵ، شیروان یاسین حوسێن، ئاشتی عەبدوڵڵا عومەر و تابان سەعدی پاشا خزر بۆ وردبینی لە ناوی تەواوی ئەو وانەبێژانەی لە خوێندنی باڵاوە کراون بە گرێبەست، پێکهێندراوە. 
 
لە فەرمانە وەزارییەکەدا هاتووە، ئامانجی لیژنەکە پێداچوونەوە و وردبینیکردنی ناوی سەرجەم ئەو وانەبێژانەیە کە ناوەکانیان لە زانکۆکانەوە نێردراون بە مەبەستی بە گرێبەستکردن بەگوێرەی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان.
 
توانا نەجەف گوتی: "هەر کەسێک لە هەر زانکۆیەک مەرجەکانی گرێبەستبوونی تێدا نەبێت، فەرمانی گرێبەستبوونەکەی هەڵدەوەشێتەوە."
 
دوای فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 06-10-2024، د. ئارام محەممە قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی وەزارەتەکەی واژۆ کرد.
 
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە. لە نووسراوەکەدا کە وەزیری خوێندنی باڵا واژۆی کردووە، هاتووە، "ئاماژە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (13338) تایبەت بە بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتمان،" بڕیاری بەگرێبەستکردنی وانەبێژان دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
0210-2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە